بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بۆ نەوا: ئاستی ئاو بەرزبۆتەوە

17/01/2022
بەهۆی شەپۆلی باران و بەفرەوە، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەرزبۆتەوەو بەڕێوەبەری بەنداوەكەش رایدەگەیەنێت، داهاتی ئاو لەسەرچاوەكانەوە زیادیانكردوە.
رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ رادیۆی نەوا رایگەیاند: لەهەفتەی رابردودا 1 مەترو 15 سانتیمەتر ئاستی ئاو بەرزبۆتەوە، تەنها لەماوەی دوو رۆژدا نزیكەی 50 سانتیمەتر ئاستی ئاو لە بەنداوەكە بەرزبۆتەوە.
وتیشی: داهاتی ئاو لەسەرچاوەكانەوە زیادیكردوە هەموو ئەو بەفرەی كە لەشاخەكان و ئەو ناوچانەی دێنە ناو دەریاچەی دەربەندیخانەوە باریوە بۆ خەزێنەی بەنداوەكە شەپۆلێكی باشبوو هیوادارین بەردەوام بێ ئەگەرچی داهاتی ئاو لە كۆتایی مانگەكانی دوو تا چوار زیاد دەكات، ئەگەر باران بەردەوام بێت هیوادارین بتوانین ئاوی باش لە بەنداوەكە كۆبكەینەوە.
لەبارەی جیاوازی ساڵی رابردو لەگەڵ ئەمساڵدا، رەحمان خانی وتی: ئەو جیاوازیەی هەبوە وردەوەردە كەمدەبێتەوە لەماوەی هەفتەی رابردوو 7 مەترو نیومان فەرق بوو ئێستا تەنها شەشە مەترو نزیكەی 30 سانتیمەتر ئاستی ئاو كەمترە لەساڵی رابردوو، ئەگەر ئەو شەپۆلە بەردەوام بێت جیاوازییەكان كەمدەبنەوە، هیوادارین ساڵی رابردوو تێپەڕێنین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group