داوا دەكرێت سوپای عیراقی و حەشدی شەعبی ئاسایشی هەرێم بپارێزن

12/05/2022

نەوا-
شارەزایەكی كاروباری حەشدی شەعبی پێی وایە، ئاماژەدانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە پەنابردن بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە موشەكییەكان هەڵاتنە، داواش دەكات سوپا و پۆلیسی عیراقی و حەشدی شەعبی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم بەكاربهێنرێن.
محەمەد بەسری شارەزای كاروباری حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، ئاماژەدانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەوەی كە پەنا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبەن بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە موشەكییەكانی سەر شاری هەولێر، نیشانەی ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم متمانەی بە هێزە ئەمنییە عیراقییەكان نییە.
رونیشیكردووەتەوە، ئەگەر هەرێم ناتوانێت ئاسایشی خۆی بپارێزێت، دەتوانێت پەنا بۆ سوپای عیراق و حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی ببات بۆ پاراستنی 3 پارێزگاكەی هەرێم لە هەر پێشێلكارییەك.
ئەو شارەزایە پێشی وایە، دوبارەبوونەوەی پێشێلكاریەكانی سەر هەرێم نیشانەی لاوازی هێزە ئەمنییەكانیەتی، ئەوەش بەهۆی نەگەڕانەوەیە بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی عیراق لە بڕیارەكاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group