ماكرۆن: بۆ وەستاندنی شەڕ پێویستە گرەنتی ئەمنی بدرێتە پۆتین

04/12/2022 جیهان
نەوا
ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا دەڵێت، ئەگەر ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا رازی بێت بە ئەنجامدانی گفتوگۆ بۆ راگرتنی شەڕ لە ئۆكرانیا، ئەوا پێویستە خۆرئاوا گرەنتی ئەمنی بدات بە روسیا.
ماكرۆن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی تەلەفزیۆنی "تی ئێف 1"ی فەرەنسی وتویەتی، ئەوروپا پێویستی بەوەیە هەیكەلی ئەمنی داهاتووی بنیاد بنێتەوە، ئەوەش خاڵێكی سەرەكییە كە پێویستە باسی لێوە بكرێت، هەروەك ڤلادیمێر پۆتین دەڵێت، لەوە دەترسن كە ناتۆ بێت و لەبەردەم دەرگای وڵاتەكەیدا چەكەكانی بڵاوبكاتەوە و هەڕەشە لەسەر مۆسكۆ دروست بكات.
وتوشیەتی، پێویستە ئامادەكاری بۆ ئەوە بكرێت كە ئەنجامی دەدەین، چۆن هاوپەیمان و ئەندامەكانی ناتۆ بپارێزین و چۆن گرەنتی بدەینە روسیا كاتێك لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشین، پێشتر ئەمریكا و روسیاش ئامادەییان پیشانداوە بۆ گفتوگۆ ئەوەش سەرەڕای ئەوەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا پێشتر وتی كە ئامادە نییە گفتوگۆ لەگەڵ پۆتین بكات، بەڵام پیشانی داوە كە كۆتایی هێنانی جەنگ بەلایەوە گرنگە.
ئەمەش لەكاتێكدایە لای خۆیەوە ئۆكرانیا رایگەیاندووە، ناكرێت لەگەڵ روسیا گفتوگۆ بكرێت ئەگەر پێشتر هێرشەكانی رانەگرێت و هێزەكانی بە تەواوەتی لەخاكی ئۆكرانیا نەكشێنێتەوە، زۆرێك لە وڵاتانی خۆرئاواش دژی ئەنجامدانی هەر دانوستانێكن لەگەڵ پۆتین، چونكە پێیان وایە لەكاتێكدا ئۆكرانیا هێزەكانی روسیای لە زۆربەی ناوچەكانی وڵاتەكەی دەركردووە ئەگەر دانوستان بكرێت ئەوا ئەبێت سازشی بۆ بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group