"پێویستە متمانە بۆ بانكەكان بگەڕێنرێتەوە"

04/12/2022 عێراق

نەوا-
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەبۆنەی رۆژی جیهانی بانكەكانەوە رایگەیاند: پێویستە پەرە بە سیستمی بانكی بدرێت و متمانە بۆ بانكەكان بگەڕێنرێتەوە.
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، سیستمی بانكی پایەیەكی بەهێزی ئابوری هەر وڵاتێكە، بۆیە پێویستە سیستمی بانكی لە عیراق و هەرێمی كوردستان رێكبخرێتەوەو پەرەی پێبدرێت و متمانەی هاوڵاتیان بە بانكەكان بگەڕێنرێتەوە، ئێستا وەك ئاگادارین هەوڵی دامەزراندنی بانكی نیشتمانی بە سەرمایەی 250 ملیار دینار لە هەرێمی كوردستان و كردنەوەی ئەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی كەرتی گشتی و پێدانی موچەكانیان لەڕێگەی ئەژماری بانكییەوە  هەنگاوێكی گرنگە بۆ رێكخستنی سیستمی بانكی و بەرجەستەكردنی رۆڵی بانك لە بەڕێوەبردن و ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان.
راشیگەیاندوە، سیستمێكی بەهێزی بانكی لە وڵات هاوكار دەبێت بۆ دروستبونی شەفافیەت و رێگریكردن لەسپیكردنەوەی پارە، بۆیە پەرەپێدانی ئابوریی و باشتركردنی گوزەرانی هاوڵاتیان، بەبێ سیستمێكی كارای بانكی نابێت.
لەبەشێكی تردا نەرمین مەعروف ئاماژەشیكردوە، هەموان دەزانین لەدوای دروستبونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان گرفت بۆ بەڵێندەران لە بانكەكان دروستبوەو هاوڵاتیان متمانەیان بە بانكەكان لاواز بوە، بۆیە زۆر پێویستە بەزویی سیستمی بانكی رێكبخرێتەوە، هەر بۆیە رێكخستنی سیستەم پەرەپێدانی كاری بانكی لە عیراق و هەرێمی كوردستان،بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ هاوڵاتیان،گرنگە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی دارایی و پێشخستنی وەبەرهێنان و راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی، ئەمەش پێویستی بە سیستەمێكی بانكی پێشكەوتو هەیە كە پێویستە لەسەر ئاستی تەواوی عیراقی فیدراڵ لە یەك ئاستدا بێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group