ئەمریكا دەستی بەسەر كەشتیەكی پڕ لە تەقەمەنیدا گرت

04/12/2022 جیهان

نەوا-
هێزەكانی ئەمریكا دەیان تۆن تەقەمەنی و چەندین پارچە چەكیان لەكەشتیەكدا دەستبەسەردا گرت كە لە كەنداوی عومان رایانگرتبوو.
فەرماندەیی هێزە دەریایییەكانی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، كەشتییەكی راوكردنی ماسیان لە هێڵی نێوان ئێران و یەمەن لە كەنداوی عومان راگرت دوای ئەوەی گومانیان لەسەری هەبوە، پاش پشكنین توانیویانە دەستبگرن بەسەر 50 تۆن تەقەمەنی و كەلوپەل و پێداویستییەكانی موشەك كە بە قاچاغ بەنیازی گواستنەوەی بون.
فەرماندەیی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا ئاماژەشیكردوە، ئەو كەشتیە دوەم كەشتیە لە یەك مانگدا راگیرابێت و بۆیان دەركەوتوە بە رێگای نایاسایی لە ئێرانەوە چەكی كوشندە دەگوازرێتەوە، ئەمەش ئاماژەیەكە  كەبەوتەی خۆیان  ئێران ئاسایشی ناوچەكەی تێكداوە.
راشگەیەنراوە كە بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی فرۆشتنی چەك بە حوسییەكانی یەمەن بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و گواستنەوەو دابینكردن پێشێلكارییە بەرامبەر یاسای نێودەوڵەتی.
جێی ئاماژەیە سەرەتای مانگی رابردوو كەشتیگەلێكی ئەمریكا كەشتیەكەی هاوشێوەی دیكەی گواستنەوەی تەقەمەنی بۆ یەمەن راگرت و دەستیگرت بەسەر ئەو چەك و تەقەمەنیانەی لەناویاندا بوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group