قاسم ئەعرەجی: هەرێمی كوردستان بەهێز بێت عێراقیش بەهێز دەبێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا جەختی لە قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان كورد و عەرەب كردەوە و رایگەیاند، پاراستنی سەقامگیری و هێزی هەرێمی كوردستان، بەهێزییە بۆ تەواوی عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندیی نێوان كورد و عەرەب مێژووییە و هەردوولا لە رابردوودا پێكەوە رووبەڕووی دیكتاتۆریەت وەستاونەتەوە، هەر بۆیەش ئێستا باشتر لە یەكتر تێدەگەن.
ئەعرەجی وتیشی، ئەم پەیوەندییە لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەكانە بۆ ئەوەی وڵاتێكی یەكگرتوومان هەبێت و چیتر قوربانی نەدەین كاتێك لەیەكتر تێدەگەین، هەموو كێشەكان چارەسەر دەبن.
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی جەختی لەوەش كردەوە، كاركردنی ئەوان و هەرێمی كوردستان پێكەوە بەردەوامە و وتیشی، هیچ كێشەیەكی كەسی لە نێوانماندا نییە، ئێمە لە هەرێم تێدەگەین و ئەوانیش لە ئێمە، چونكە هەرێمی كوردستان بەهێز بێت، عێراقیش بەهێز دەبێت.
سەبارەت بە دۆسیەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان، قاسم ئەعرەجی ئاشكرای كرد، ئەم بابەتە لەگەڵ سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ باس كردووە.
راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەوەشی رایگەیاند، بەمزووانە شاندێكی باڵای ئەمنی سەردانی تاران دەكات بۆ دیراسەكردنی ئەم بابەتە بە روونی.
رونیشیكردەوە، شاندەكە لیژنەیەكی ئەمنی باڵایە و پێكهاتووە لە خودی خۆی و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ نوێنەری پێكهاتە جیاوازەكانی كورد و عەرەب، كە لە چوارچێوەی بڕیارەكانی حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی بۆ چارەسەركردنی گرفتە ئەمنییەكان كار دەكەن.