نەوەی لەقلەقەكەی هەولێر گەڕایەوە

04/11/2018

نەوا
نزیكەی شەست ساڵ دەبوو، جوتێك لەقلەق لەسەر منارەكەی مزگەوتی خانەقای شاری هەولێر هێلانەیان درووست كردبوو، ساڵانە لەگەڵ دەركەوتنی یەكەم هەورە تریقشەی بەهاریدا، دەگەڕانەوە سەر منارەی مزگەوتەكەی خانەقا و خەڵكی دەوربەری شوێنەكەش بە دەنگی بەرز دڵخۆشییان بە گەڕانەوەی لەقلەقەكان دەردەبڕی.


بەپێی وتەی هاووڵاتییەك، ئەم جووتە لەقلەقە لە ساڵانی سییەكانی رابردوو، لەسەر منارەی مزگەوتە كۆنەكەی خانەقا هێلانەیان چێكردبوو، بەڵام دوای ساڵی شەستەكان و دروستكردنی مزگەوتی نوێی خانەقا، ئەوا لەقلەقەكان هێلانەكەیان گواستەوە سەر منارەی مزگەوتە نوێیەكە كە بە دووری بیست مەتر لە مزگەوتە كۆنەكە دامەزراوە بەڵام منارەكەی بەرزترە.
هاووڵاتی محەمەد سدیق تەمەن حەفتا ساڵ، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: "ئەم باڵندەیە پێكەوەژیانی لەگەڵ خەڵكی هەولێر هەڵبژاردووە، لە ساڵانی سییەكانەوە، جووتێك لەقلەق لەسەر منارەكەی مزگەوتە كۆنەكەی خانەقابوون و دوای دروستكردنی مزگەوتی خانەقا لە ساڵانی شەستەكان، ئەوا جووتە لەقلەقەكە هێلانەكەیان بۆ سەر منارە نوێیەكە گواستەوە و جێگیربوون".
محەمەد سدیق وتیشی "بەداخەوە لە ساڵی 1996 لە كاتی شەڕی براكوژی، گوللـەیەك بە یەكێك لە لەقلەقەكان كەوت و مرداربووەوە، ئەوەی دیكەش هەولێری بەجێهێشت، بەڵام دوای 22 ساڵ، نەوەیەكی لەقلەقەكە هاتووەتەوە سەر هێلانەكە و لێرە گیرساوەتەوە".
بەوتەی دوكاندارانی ئەو شوێنە، لەقلەقەكە هێلكەی پێیە و دەیەوێت لەناو هێلانەكەدا دایانبنێت و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەقلەقەكە دەیەوێت بە درێژایی تەمەنی لەم شوێنە بمێنێتەوە.
نێرە و مێیەی هەر حاجی لەقلەقێك بەیەكەوە لە هێلانەیەكدا دەژین، ئەگەر هەر كامێكیان نەمینێت، ئەوا لەقلەقەكەی دیكە تا مردن بە سەڵتی دەمێنێتەوە و ئامادەنییە لەگەڵ لەقلەقێكی دیكەدا جووت ببێت، بۆیەش بە هێمای وەفا و خۆشەویستی ناسراوە.
ئەم باڵندانە، 35 بۆ 40 ساڵ دەژین، بەرزیان مەترێك و درێژی باڵەكانییان نزیكەی 2 مەترە، دەنووك و قاچیان رەنگی سوور و سەر باڵەكانییان رەنگی رەشە، 2 تا 5 هێلكە دەكەن و بە نۆرە لەسەر هێلكەكان هەڵدەنیشێن.
لەقلەق، هەندێكجاریش پێی دەڵێن حاجی لەقلەق، چونكە ساڵانە هاوشێوەی حاجییەكان، بەهەمان رەنگ قەتارەی دەبەستن و لە چیاكان و زەلكاوەكاندا دەگەڕێنەوە بۆسەر هێلانەكانیان بۆ جوتبون و هێلكەكردن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group