كه‌سوكاری پێشمه‌رگه دیله‌كانی لای چه‌كدارانی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) داوای ئازادكردنی رۆڵه‌كانیان ده‌كه‌ن و پێداگری ده‌كه‌ن له‌سه‌رئه‌وه‌ی نابێت حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌وه بێده‌نگ بێت.
له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعش له كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه له سنوری پارێزگاكه‌دا دوای شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه كه‌وتنه ده‌ست چه‌كدارانی داعش و له‌و كاته‌وه به‌دیل گیراون و تائێستا ئازادنه‌كراون.
ده‌یان گروپی تیرۆریستی و سه‌ربه ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داعش له‌سنوره‌كانی كه‌ركوك و حه‌ویجه و ته‌نانه‌ت له‌شاری موسڵ ده‌ستگیركران و تائێستاش هیچ كام له‌و كه‌س و لایه‌نانه هه‌واڵێكی پێشمه‌رگه دیله‌كانی لانه‌بوه.
دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌رخ تایبه‌تمه‌ند له ته‌ماشاكردنی دۆسێی تیرۆر له سه‌رۆكایه‌تی دادگای پێداچونه‌وه‌ی به‌غدا-كه‌رخ له دادگای باڵای فیدراڵی، دانپێدانانی یه‌كێك له به‌رپرسه باڵاكانی رێكخراوی داعشی بڵاوكرده‌وه، كه به "ئه‌بی حه‌مزه كوردی" ناسراوه و والی كه‌ركوك بوه له رێكخراوه‌كه‌دا.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری، ئه‌و والییه‌ی داعش، به‌رپرس بوه له چه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و والی باكوری به‌غدا بوه و پاشان بۆته والی كه‌ركوك.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش رونكراوه‌ته‌وه، كه ئه‌بی حه‌مزه كوردی به‌رپرس بوه له ده‌ستگیركردنی 21 ئه‌فسه‌ر و ئه‌ندامانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و وێنه‌گرتنیان و سوڕاندنه‌وه‌یان به جلوبه‌رگی پرته‌قاڵییه‌وه له‌ناو قه‌فه‌سی ئاسنیندا.
دادگاكه وته‌كانی تۆمه‌تباره‌كه‌ی په‌سند كردوه و به‌پێی ماده‌ی 4ی بنبڕكردنی تیرۆر، هه‌موو رێوشوێنێكی له دژی گرتۆته‌به‌ر.
له‌كه‌ركوك له‌نێوان پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی عیراق به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه ده‌یان شه‌هید و بریندار كه‌وته‌وه، كه له‌نێوان شه‌هید و برینداره‌كانیشدا كه‌سانی پله‌باڵا هه‌بووه و هه‌موو ئه‌و شه‌هید و بریندارانه‌ش هاوكات له‌گه‌ڵ كه‌سانی خۆبه‌خش بۆ ئارامی و ئاسایش و پاراستنی خاكی كه‌ركوك و كوردستان جه‌نگاون و تائێستاش هه‌ر له‌پاراستنی خاك و وڵات به‌رده‌وامن.