هاووڵاتیانی كه‌ركوك له‌ كه‌میی كاره‌با نیگه‌رانن

22/11/2018 نه‌وا- شه‌ماڵ ئه‌حمه‌د

خراپی دۆخی كاره‌بای نیشتمانی دانیشتوانی كه‌ركوكی نیگه‌ران كردوه‌ و سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ش له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ڵێت "داعش هۆكاره‌".
كاره‌بای نیشتمانی له‌ كه‌ركوك خراپ بوه‌ به‌جۆرێك له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێردا ته‌نها سێ كاتژمێر كاره‌با هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش هاووڵاتیانی نیگه‌ران كردوه‌ و بۆچونی جیاوازیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر خراپی دۆخی كاره‌بای نیشتمانی و پێیانوایه‌ ئیداره‌ی كه‌ركوك كه‌مته‌رخه‌مه‌ له‌ئاست مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و داوای چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه‌ ده‌كه‌ن.
له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ووزه‌ و نه‌وت له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ رادیۆی نه‌وا ئاشكرایكرد، "داعش هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ بۆ تێكچونی دۆخی كاره‌با ئه‌وه‌ش به‌هۆی  ته‌قاندنه‌وه‌ی تاوه‌ره‌كانی كاره‌با و دزینی كه‌لوپه‌لی پێویستی ئه‌و كه‌رته‌وه‌یه‌".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاووڵاتیان ئیداره‌ی كه‌ركوك تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌پێدانی وزه‌ی كاره‌بای نیشتمانی كه‌ركوك به‌قه‌زای حه‌ویجه‌ و ناوچه‌كانی ده‌وروپشتی و پێیانوایه‌ به‌شه‌ دیاریكراوی كاره‌بای كه‌ركوك بۆ ناوچه‌كانی خواروی كه‌ركوك ده‌ڕوات و له‌به‌رانبه‌ردا نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی راكان سه‌عید پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت ئه‌و هه‌واڵه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و داوا ده‌كات هاووڵاتیان كه‌م كاره‌با به‌كاربهێنن و  هاوكار و خۆڕاگر بن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group