بۆچی خۆپیشاندەرانی فەرەنسا ئێلەگی زەرد دەپۆشن؟

09/12/2018 جیهان

نەوا- زانا داود
لە سەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی ئێلەگ زەردەكانی فەرەنساوە، ئەو پرسیارە هاتووەتە ئاراوە كە بۆچی خۆپیشاندەران رەنگی زەردیان هەڵبژاردووە؟ ئایا ئەوە رێكەوتە؟ یاخود هۆكاری تایبەتی خۆی هەیە؟
بەگوێرەی یاسایەكی فەرەنسا كە ساڵی 2008 دەرچوێندراوە، دەبێت سەرجەم شۆفێرانی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەكان ئێلەگی زەردیان پێبێت، بۆ ئەوەی لەكاتی رووداوی لەناكاودا یاخود كاتێك بەهۆی كێشەیەكەوە ئۆتۆمبێلەكانیان لە قەراغی شەقامەكان رادەگرن، ئێلەگی زەرد بپۆشن و لەوڕێگەیەشەوە بە ئاسانی ببینرێن. چونكە رەنگی زەرد ئاستێكی تیشكدانەوەی بەرزی هەیە و لەلایەن چاوەوە بەڕادەی 2.5 جار لە رەنگی سوور باشتر و ئاسانتر دەبینرێت.
ئەو یاسایەی حكومەتی فەرەنسا، وایكرد ئێلەگی زەرد بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاوببێتەوە و نرخەكەشی هەرزان بێت، كە جگە لە شۆفێران، لە بەشێك لە كارگە و شوێنكارەكانیشدا دەبێت كرێكاران بیپۆشن، بۆیە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، بزاوتێك بەناوی "بزووتنەوەی ئێلەگ زەردەكان" لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە داوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانیان كرد، ئەوەبوو لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەری رابردوودا خۆپیشاندانەكان لە فەرەنسا دەستیانپێكرد و دەیان هەزار كەس، داوای كەمكردنەوەی نرخی سووتەمەنی و زیادكردنی كەمترین رادەی مووچە و چاكسازی لە باج و دەستلەكاركێشانەوەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرنسا دەكەن، چونكە بەوتەی ئەوان، زیادكردنی باج بارگرانی خستووەتەسەر چینی كرێكار و مامناوەند، بە تایبەت لە ناوچە گوندنشینەكاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group