كۆبوونەوەی پەرلەمانی عیراق بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا

09/12/2018 عێراق

نەوا
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبوونەوەكەی یەكشەممەی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست.
بڕیاربوو یەكشەممە 9ـی كانونی یەكەم، پەرلەمانی عیراق كۆببێتەوە و دەنگ بە پرۆژەی هەمواری سیستمی ناوخۆی پەرلەمان بدات، هەروەك گفتوگۆ بكات سەبارەت بە راپۆرتی لیژنەی پەروەردە كە تایبەتە بە پلەكانی دامەزراندن.
سەرەتا بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە، كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بۆ نیو كاتژمێر دواخرا، بەڵام دواتر سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا كۆ‌وبوونەوەكە دوابخات بۆ رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو.
لە خوولی چوارەمی پەرلەمانی عیراقدا، بەهۆی ناكۆكیی نێوان لایەنەكانەوە، چەندین جار كۆبوونەوە و دانیشتنەكان دواخراون. سەرەكیترین دۆسیەش كە چەندین جار بڕیاربووە كۆبوونەوەی لەبارەوە بكرێت و یەكلاییبكرێتەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنە سیاسییەكانەوە دواخراوە، دۆسێی دەنگدانە بە وەزیرەكانی كابینەی حكومەت كە تا ئێستا هەشت وەزارەت بە بێ وەزیر ماونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group