نه‌وا
دادگای توركیا ساڵێك و شه‌ش مانگ زیندانی به‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له عوسمان بایده‌میر و له‌یلا بیرلیك په‌رله‌مانتارانی پێشووی هه‌ده‌په‌دا سه‌پاند.
ساڵی 2015 بۆ ئیدانه‌كردنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی باكوری كوردستان، په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په به‌شدارییان له رێپێوانه‌كه‌دا كردبو، هه‌ربۆیه داواكاری گشتیی توركیا به‌هۆی ئه‌و به‌شداریكردنه‌ی په‌رله‌مانتاران له‌و رێپێوانه‌دا، سكاڵای له دژی "عه‌لی جان ئۆنلو، عایشه ئاجار باشاران، عوسمان بایده‌میر و له‌یلا بیرلیك" په‌رله‌مانتارانی ئه‌وكاتی هه‌ده‌په تۆماركرد و دانیشتنی ئه‌و سكاڵایه له دادگای سزاكانی شرنه‌خ به‌ڕێوه‌چو.
ئه‌مڕۆ له دانیشتنی دادگادا به پاساوی ئه‌وه‌ی له دژی یاسای رێپێوان و خۆپیشاندان بوون، بۆ هه‌ریه‌ك له عوسمان بایده‌میر و له‌یلا بیرلیك بڕیاری سزای ساڵێك و شه‌ش مانگ زیندانیی ده‌ركرد. دادگاكه دۆسیه‌ی په‌رله‌مانتاران ئۆلون و باشارانی له‌و دانیشته جیاكرده‌وه و دۆسیه‌كه‌یان ده‌برێته دادگایه‌كی دیكه.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش له هه‌ده‌په بۆ رادیۆ نه‌وای ئاشكراكرد، كه ئێستا عوسمان بایده‌میر له وڵاتێكی ئه‌وروپایه و داوای مافی په‌نابه‌ری كردوه، به‌ڵام ناوی وڵاته‌كه‌ی نه‌دركاند.