18ی ئەم مانگە سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان دادگای دەكرێت

10/12/2018

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر 
فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان سكاڵای یاسایی لەسەر سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرد و بڕیارە 18ی ئەم مانگە دادگاییكردنەكە بەڕێوەبچێت.
رۆژی دووشەممە 10-12-2018 دادگای كارگێڕی هەولێر بە نوسراوی ژمارە 63 و بەواژۆی عومەر محەمەد باجەلان سەرۆكی دادگاكە، رێڤینگ هروری سەرۆكی كاتی پەرلەمانی ئاگاداركردۆتەوە، كە لە 18ی كانوونی یەكەمدا خۆی یاخود بریكارەكەی لەبەردەم دادگادا ئامادەبێت، بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی بەرانبەری دەگیرێتەبەر.
لەوبارەیەوە، كاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پرێس كۆنفرانسێكدا لەبەردەم دادگای ناوچەی هەولێر رایگەیاند، لەبەرئەوەی سەرۆكی كاتی پەرلەمان یاسای پێشێلكردوە، بۆیە سكاڵایان تۆماركردوە و دەیانەوێت بەشێوەیەكی یاسایی كارەكان ئەنجام بدەن.
وتیشی "ئەگەر هاتوو دادگا كارەكانی خۆی ئەنجام نەدات، ئەوا كارو چالاكییەكانمان لە چوارچێوەی چالاكی مەدەنی بەردەوام دەبێت، چونكە ئەگەر ئێستا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرایە ئەوا دەمانتوانی كاری پێویست لە نێو پەرلەمانی كوردستاندا ئەنجام بدەین، بەنمونە لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا لە زۆربەی شوێنەكان لافاو دروستبوە، دەبوایە هیچ نەبێت لیژنەیەكمان دروستبكردایە بۆ قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوەكان".
لە رۆژی 6ی مانگی رابردو، پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم سوێندی یاساییان خواردو دانیشتنەكە تا رێكەوتنی لایەنەكان لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە كراوەیی ماوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group