نەوا
کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی ئەستێرەی یانەی
یوڤانتۆس، لەچاوپێکەوتنێکدا بە ڕاشکاوی بۆچونی خۆی سەبارەت بە چەندین بابەتی گرنگ
دەربڕی.
یاریزانە پورتوگالیەکە بە
"لاگازێتا دێلۆ سپۆرت"ی ئیتاڵی ڕاگەیاندووە :" من شایستەی خەڵاتی
بالۆن دۆر بووم، بەڵام ڕێزی دەنگدانی ڕۆژنامەنوسان دەگرم، ئەوەی ڕوویدا کۆتایی
ژیان نییە و بە گریانەوە ناگەڕێمەوە ماڵەوە، چونکە لە گەورەترین یانەی جیهان یاریی
دەکەم و ژمارە و داتاکان دەریدەخەن شایستەی خەڵاتەکە بووم، بەهەرحاڵ، پیرۆزبایی لە
مۆدریچ دەکەم و ئەویش شایستەی خەڵاتەکەیە، لەداهاتودا هەموو شتێک دەکەم بۆ چنینەوەی
بالۆن دۆر".
هەروەها دەربارەی دەنگۆکانی
گواستنەوەی مارسێلۆ و ئیسکۆ و یاریزانانی ڕیاڵ بۆ یوڤانتۆس، دەڵێت :" دەبینم
ڕۆژانە مارسێلۆ و ئیسکۆ و بەیل و ئاسینسیۆ بە یوڤانتۆسەوە دەبەستنەوە، ئەو
مەسەلەیە پەیوەندی بە ئیدارەی یانەوە هەیە، بەڵام یوڤی پێویستی بەهیچ یاریزانێکی
ڕیاڵ و یانەکانی تر نییە، مارسێلۆ یاریزانێکی بەهێزە و دەرگای یانەکەمان بۆ ئەم
جۆرە یاریزانانە هەمیشە کراوەیە".
هەروەها دەربارەی ڕیاڵ
مەدرید و یوڤانتۆس، دەڵێت :" یوڤی یانەیەکی مەزنە و لێرە هەمووان وەک خێزانێکن، لە یانەکانی تر
ڕەنگە یاریزانێک خۆی لەهەموان بە گەورەتر بزانێت، بەڵام لێرە هەموان هاوسەنگن و
جیاوازی لەنێوان هیچ یاریزانێکدا نییە، ماندزۆکیچ و دیبالا گۆڵ تۆمار بکەن یان نا
هەرگیز بێزاری دەرنابڕن، ڕیاڵ مەدریدیش بەهەمان شێوە خێزانێکە، بەڵام لێرە
بارودۆخەکە ناوازەیە، ئەگەر لەقۆناغەکانی داهاتوی چامپیۆنز لیگ ڕووبەڕوی ڕیاڵ
ببمەوە مێژوو فڕی دەدەم و بەهەموو توانامەوە بەرگری لە درێسی یانە نوێیەکەم دەکەم
بۆ بردنەوە و ئەنجامێکی باش بەرامبەریان، بەڵکو هەموو تواناکانی خۆم بەگەڕدەخەم".
لەکۆتاییشدا لەبارەی
مێسی-یەوە دەڵێت :" من لە خولەکانی پورتوگال و ئیسپانیا و ئینگلتەرا و
ئیتاڵیا یارییم کردووە، هیوادارم ڕۆژێک لەڕۆژان مێسی بەرەو خولی ئیتاڵیا هەنگاو
بنێت، ئەگەر لە بەرشلۆنە خۆشحاڵە و بەردەوام دەبێت ئەوە ڕێزی بڕیارەکەی دەگرم، مێسی
کەسێکی بەڕێز و یاریزانێکی گەورەیە، ڕەنگە کەمێک بیری ململانێکردنی بکەم و ڕەنگە
ئەویش زیاتر".