پـۆلیسێكی پێشووی روسیا 78 ژنی كوشتووە

10/12/2018 جیهان

نەوا
پـۆلیسێكی پـێشووی روسیا كە لە زینداندایە بە تۆمەتی كوشتنی 22 ژن، وا ئێستا لەلایەن داگایەكی وڵاتەكەیەوە بە تاوانكار دانراوە لە كوشتنی 56 ژنی دیكە، بەمەش 78 ژنی كوشتووە.
دادگایەكی سیبیریا لە رۆژهەڵاتی رووسیا رۆژی دووشەممە گەیشتە ئەو ئەنجامەی میخائیل پـۆپـۆكۆڤی تەمەن 54 ساڵ كە خەڵكی شاری ئانگارسكی سیبیریایە، لە نێوان ساڵانی 1994 هەتا 2000 ئەو ژنانەی كوشتووە.
نابراو لە ساڵی 2012 دەسـتگیركرا و لەسەر كوشتنی 22 سزای زیندانی هەتاهەتایی درا.
پـۆلیسی رووسیا لە هەرێمی ئیركوتسك بۆ چەندان ساڵ سەرقاڵی لێكۆڵینەوە بووە بۆ دۆزینەوەی ئەو تاوانكارەی دەستدرێژی كردبووە سەر دەیان ژن و پاشان كوشتبوونی. دواتر دەسەڵاتداران بڕیاریاندا تاقیكردنەوەی DNA بۆ نزیكەی 230 هەزار لە دانیشتوانی شاری ئانگارسك بكرێت تاوەكو ئەم مرۆڤ كوژە بدۆزرێتەوە كە ئاسەواری خۆی بەسەر تەرمی یەكێك لە قوربانیـیەكاندا جێهێشتبوو.
میدیاكانی روسیا دەڵێن "سەد ساڵە وڵاتەكەمان مرۆڤ كوژی وەك میخائیل پـۆپـۆكۆڤی نەبیستووە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group