پارێزگاری سلێمانی: هیچ رێگرییەك نییە لە پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەكانمان لەگەڵ ئێران

10/12/2018

نەوا-پێشكەوت عەبدوڵڵا-سلێمانی
لە میانەی كۆبوونەوەی پارێزگاری سلێمانی وەفدێكی حكومی و بازرگانی و پارێزگاری سنە گفتوگۆ لەبارەی فراوانكردنی بازنەی ئاڵوگۆڕی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی كرا. 
رۆژی 10-12-2018 وەفدێكی باڵای ئێران كە لە پارێزگاری شاری سنە و چەند پەرلەمانتارێكی كوردی ئەنجومەنی شورای ئێران بە یاوەری سەركونسوڵی ئیران لە شاری سلێمانی لەگەڵ پارێزگاری و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و بازرگانان و وەبەرهێنەرانی شاری سلێمانی كۆبونەوە. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەبارەی كۆبونەوەكە بەمیدیاكانی راگەیاند، "بەمەبەستی پێداچونەوە بەو شەش رێككەوتنە كە لە ساڵی 2007وە  لە نێوان پارێزگای سنە و سلێمانی واژوو كرابوو ئەو وەفدە سەردانی شاری سلێمانیان كرد، بەڕەچاوكردنی ئەو بارودۆخەی لە ئێستادا هەیە كار بۆ واژۆكردنی رێككەوتننامەی حەوتەمی نێوانمان دەكەین".
وتیشی: "پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 500 كیلۆمەتر هاوسنورە لەگەڵ ئێران دوو مەرزی نێودەوڵەتی و 4 مەرزی فەرمی و پەنجا خاڵی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان هەیە، بۆ ئەمەبەستەش قسەمان لەسەر ئەوە كردوە كە چۆن لە داهاتوودا كار بۆ بەفەرمی كردنی مەرزەكانی تر بكەین".
ئاماژەی بەوەشكرد، لە گفتوگۆكاندا قسە لەسەر  ئاڵوگۆڕە بازرگانیەكان كراوەو هەروەها چۆنێتی كاراكردنی مەرزە نێودەوڵەتیەكان و هاتوچۆكردن بە پاسپۆرت لە نێوان سەرجەم مەرزەكان، بەهێزكردنی ئاستی هاوردەو هەناردەكردن لە نێوان ئەو مەرزانە و لابردنی رێگریەكان و چاكسازی لە رێگەكان و پتەوكردنی ئاڵوگۆڕی كشتوكاڵی و ئەكادیمی و پیشەسازی و وەرزشی و كەلتوری و گەشت و گوزار، هەر لەمیانی گفتوگۆكانمان قسە لەسەر ئەو رێگریانە كراوە كە لەبەردەم وەرگرتنی ڤیزادا هەیە.
لە وەڵامی پرسیارێكی رادیۆ نەوا سەبارەت بە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و مەترسی ئەمجۆرە پەیوەندیانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی وتی: "تاوەكو ئێستا لەلایەن ئەمریكا و حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمەوە لە بارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانیەكان و پەیوەندیە ئیداریەكان هیچ رێگریەكمان لێنەكراوە".
جەختیشیكردەوە، بەهۆی ئەم پەیوەندیەوە چەندین هەلی كار رەخساوە و داوامانكردوە كە لە داهاتودا بە كردنەوەی مەرزەكان و خاڵەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیەكان نزیكەی 100هەزار كەس ببنە كۆڵبەری فەرمی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group