كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ: بارودۆخی مرۆیی لە عیراق خراپە

10/12/2018 عێراق

نەوا
كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ ئاشكرایدەكات، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لە عیراقدا بێكارن و زیاتر لە دوو ملیۆن كەسیش ئاوارەبوون.
كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێكیدا كە تایبەتە بە عیراق و بەبۆنەی یادی 70 ساڵەی دەركردنی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤەوە بڵاویكردووەتەوە رایگەیاند، بارودۆخی مرۆیی لە عیراق باش نییەو  دۆخەكە بەرەو خراپی دەڕوات.
وتیشی: "زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لە عیراقدا بێكارن و زیاتر لە دوو ملیۆن كەسیش ئاوارەبوون. لەكاتێكدا زیاتر لە 300 هەزار خێزان لە كامپەكاندا ژیان دەگوزەرێنن. 400 هەزار كەسی تریش لەو خانووە زیادەڕەوییاندا دەژین كە لە قوڕ و تەنەكە دروستكراون".
كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لەبارەی دۆخی پەروەردە و فێركردنەوە ئاشكرایكردووە، كەرتی پەروەردە لە ئاستێكی باشدا نییە و دوو هەزار و 177 خوێندنگە تەواو نەكراون، 200 هەزار خوێندكاریش لە خوێندن دابڕاون. 
دەشڵێت، "دوای تێپەڕبوونی 70 ساڵ بەسەر دەركردنی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا، هێشتا ژنانی عیراق لە بارودۆخێكی خراپدان و بەشێك لە ژنان دووچاری توندوتیژی دەبنەوە و ژمارەیەك لە كچان لە خوێندن بێبەش دەكرێن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group