ڕاستەوخۆ

كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەستیپێكرد

پێش 2 هەفتە جیهان

 

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاشكرای كرد، ئەمریكا دەستی بە كشانەوە لە سوریا كردووە و روانگەی سوری مافەكانی مرۆڤ باس لەوەدەكات، سوپای ئەمریكا 10 ئۆتۆمبێلی سەربازی خۆی لە سەربازگەی رمێلانی سەر بە حەسەكە كشاندۆتەوە.
كۆڵۆنێل شۆن رایان، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش بەسەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند، رۆژی هەینی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا دەستیپێكردووە.
وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش ئاماژەی بەوەشكرد، كشانەوەكە بە پلانێكی دیاریكراو قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەكرێت.
لە لایەكی ترەوە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بارەگای سەرەكی لە لەندەنە، بڵاویكردەوە، هێزەكانی ئەمریكا 10 ئۆتۆمبێلی سەربازی خۆیان لە بنكەی سەربازی رمێلان لە پارێزگای حەسەكە كشاندۆتەوە.
راشیگەیاندووە، ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ عێراق كشێنراونەتەوە.
لە هەمانكاتدا روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەوەشی خستوەتەڕوو، كە جگە لەو هێزە ئەمریكیانە، هیچ یەكێك لە سەربازانی تری سەر بە وڵاتانی دیكەی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كە لە بنكەی سەربازی رمێلانن، شوێنەكەیان جێنەهێشتووە.
جێی باسە مانگی رابردوو دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا دەركرد، ئەمەش لە سەر ئاستی ناوخۆی وڵاتەكەی و هاوپەیمانەكانی بەروڕووی رەخنەی كردەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group