سیستانی هەڵوێستی خۆی لە بارەی داعشە دەستگیركراوەكان خستەڕوو

23/01/2019 عێراق

 

عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق داوا دەكات بەپێی شەریعەتی ئیسلامی مامەڵە لەگەڵ دەستگیركراوەكانی سەر بە داعش بكرێت.
رۆژی چوارشەممە تیمی تایبەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش گەیشتنە شاری نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق كۆبووەوە.
دوای كۆبوونەوەكە كەریم ئەسعەد خان سەرۆكی تیمەكە، كە لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پێكهێنراوە رایگەیاند، لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان دانیشتووە سەبارەت بە ڕوونكردنەوەی كاری تیمی لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی ڕێكخراوی داعش لە عێراق، ئاماژەی بەوەشكرد دیدارەكە ئەرێنێ بووە.
ڕوونیشیكردەوە "سیستانی داوایكردووە بە گوێرەی شەریعەتی ئیسلامی و یاسا مامەڵە لەگەڵ دەستگیراوەكانی داعشدا بكرێت، نەك مافیان پێشێلبكرێت لەبەر ئەوەی ئەوانە داعشن".
لە بەشێكی تری وتەكانیدا كەریم ئەسعەد خان جەختیكردەوە، لەگەڵ سەرجەم ڕابەرە ئایینییەكان دادەنیشێت.
سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش ئاماژەی بەوەشكرد تیمێكی تایبەت بۆ تاوانەكانی دژ بە ئافرەتان پێكهێنراوە و ڕێزی تەواو لە تایبەتمەندی ئافرەتان و نهێنی دۆسیەكانیان دەگیرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group