محەمەدی حاجی مەحمود: لە ماوەی مانگێكدا حكومەتی نوێی هەرێم پێكدەهێنرێت

پێش 1 هەفتە

 

سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، پێیوایە سەرباری ناكۆكیەكانیان دواجار یەكێتی و پارتی رێكدەكەون و پێشبینیش دەكات لە ماوەی  مانگێكدا حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنرێت.
محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵی توركی رایگەیاندووە "ئەنجامی ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی ئەوەیە بگەنە رێككەوتن و كۆتایی بە كێشەكانیان بهێنن، چونكە ئەگەر ئەو دوو حزبە رێكنەكەون ئەوا رەنگە كێشە بێت بۆ هەموو لایەك، هەروەها باوی سەردەمی دوو ئیدارەیش نەماوە و چارەسەر تەنها رێككەوتنە، بەڵام دەیانەوێت چەندێك زیاتریان دەست بكەوێت لە یەكتر و لەسەر ئەوە رێككەوتنەكەیان ماوەتەوە". 
هاوكات سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پێشبینی دەكات هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ جددیتر ببنەوە و لە میانی مانگێكدا حكوومەت پێكبهێنرێت.
محەمەد حاجی مەحمود لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا باس لەوە دەكات لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستان وەك لایەنی براوەی هەڵبژاردن گفتوگۆیان لەگەڵ كراوە و داوایان لێكراوە بەشداری حكوومەت بكەن، و لەو بارەوە زیاتر وتویەتی: "گفتوگۆمان لەگەڵ كراوە و باسكراوە، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆیەكی جددی لەسەر ئەو بابەتە نەكراوە، چونكە ئەوەی تا ئێستا هەیە تەنها كۆبوونەوەی حزبەكانە و پەرلەمانی كوردستانیش تا ئێستا كۆبوونەوەی خۆی نەكردووە و دەستەی سەرۆكایەتییەكەی دانەندراوە، بە دانانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەوكات داوا لە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دەكرێت كە حكوومەت پێكبھێنن، دوای ئەوە ئەو كەسەی رادەسپێردرێت بۆ پێكھێنانی حكوومەت بەڕەسمی دەست بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنەكان دەكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group