رێكخەری ژوری پەیجوری گۆڕان: ئامادەكارییەكان بۆ كۆنفرانسی نیشتیمانی بەردەوامە

11/02/2019

نەوا-كاروان مەحمود


رێكخەری ژوری پەیجوری بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و كۆنفرانسی نیشتمانی و لە ئێستاشدا چاوەڕوانی بڕیاری خانەی راپەڕاندن دەكرێت، ئەوەشی وت: "لەو هەڵبژاردنە ناوخۆییەدا گۆڕانكاری لە پۆستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێت".
ئاسۆ رەحیم رێكخەری ژوری پەیجوری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ رادیۆ نەوا وتی: "لەكۆبوونەوەی جڤات بڕیاردراوە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان و كۆنفرانسی نیشتیمانی بكرێت و لە ئێستادا لە ئۆرگانەكان و مەكۆكان دەستبەكارین بۆ ئەو مەبەستەو بڕیاری كۆتاییش لەلای خانەی راپەڕاندنەو هەر وادەیەكی پێ گونجاوبێت بە رێنمایی، ئاگاداری ژورەكان و ئۆرگانەكان دەكات و لیژنەكانیش بۆ ئەو مەبەستە پێكدەهێنرێت و دەستبەكاردەبن، بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردن و كۆنفرانسەكە ئەنجامدەدرێت". 
بۆ دیاریكردنی وادەی كۆنفرانسی نیشتمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانیش، ئاسۆ رەحیم رێكخەری ژوری پەیجوری بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی وت: "پرسەكانی ناوخۆو گۆنگرەو هەڵبژاردنەكان لە دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان دیاریكراوە و پێویستە پێش هەڵبژاردنە گشتییەكان بێت بەڵام لەئێستادا ئەو پرسە دواكەوتووە، ئیتر كاتی چاوەڕوانی نییە، پێشتر باس لەوە كراوە چاوەڕوانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بكرێت بەڵام مەرج نییە ئەو هەڵبژاردنە ناوخۆییە زیاتر دوابخرێت".
سەبارەت بەگۆڕانكاریكردن لە پۆستەكان بزوتنەوەی گۆڕان لە دوای كۆنفرانسی نیشتمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، ئاسۆ رەحیم رێكخەری ژوری پەیجوری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، شێوزای كاركردنی بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازە لەسەرجەم لایەنەكانی دیكەو بەپێی دەستوری گۆڕان، تەنها دوو خول كەسێك بۆی هەیە لە پۆستێك بێت دوای ئەوە كەسانی دیكە شوێنەكان پڕدەكەونەوە، گۆڕان چۆن باوەڕی بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات هەیە لە دەرەوە بەهەمان شێوە بۆ ناوخۆش بەوجۆرەیەو بێگومان لەدوای كۆنفرانسی نیشتمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان گۆڕانكاری دەبێت".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group