هونەرمەندێكی كورد: چەند كەسێكی ونبوی ئاست نزم هەوڵی شێواندنی ژیانم دەدەن

13/02/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
كاروان حەمید حەللاق موزیكژەن و هونەرمەند لە هۆڵەندا پەیامێك ئاراستەی چەند كەسێكی ونبوی ئاست نزم دەكات و دەڵێت "كەسانێك لە پشتی پەردەوە هەوڵ و ماندوبون و كارو چالاكییەكانم بە ئاڕاستەی خراپ دەبەن و هەوڵی شێواندنی ژیانی تایبەتیم دەدەن و قسە و قسەڵوكی نابەجێ دروست دەكەن".
ئەو هونەرمەندە، بۆ رادیۆ نەوا دەڵێت "ئەو جۆرە كەسانە بە بیر تەسكی گەمژە ناودەبەم، بەڵام یاسای ژیان وایە هەر كەسێك رێچكەی سەركەوتن بگرێ بێگومان كەسانێك هەوڵی تێكدان و روخان و خراپكردنی كەسایەتی دەدەن منیش وەك هەر مرۆڤێكی تر لەم شاڵاوە قێزەون و بۆگەنە بێبەش نەبوم منیان بە كەسێكی بێ كەرامەت وەسف كردوە، ئەمە جگە لە ئیرەیی و وەستاندنی من هیچی تر نییە، بەڵام من بە روحێكی هونەری وەریدەگرم".


ئەو هونەرمەندە كوردە دەپرسێت "گەر ناساندنی جلوبەرگی كوردی و كولتوری كوردی بە جیهانی دەرەوە و ئاشناكردنی كەسی بیانی بە هونەری كوردی پاراستنی شكۆی پێشمەرگە و موقەدەساتی میللـەتی كورد بێ كەرامەتی بێت‌‌؟ ئەوا من بەخۆشحاڵیەوە ئەم بێ كەرامەتییە قبوڵ دەكەم".
كاروان حەمید حەللاق بەو جۆرە كەسانە دەڵێت "لەڕاستیدا بێ كەرامەت ئێوەن، كە خۆتان وون كردوە بە بیركردنەوە نەشیاوەكانتان نازانن چۆن ژیانم بشێوێنن و قسەی ناشرین و نابەجێ هەڵدەبەستن، هەوڵ دەدەن ترس و دڵەڕاوكێ بخەنە دڵی هاوسەرەكەمەوە".
هونەرمەندەكە دڵنیایی دەدات لەوەی لەگەڵ هاوسەرەكەی هیچ شتێكی نهێنی لەنێوانیاندا نییە و زۆر راشكاون و راستگۆییەكی پتەو و پەیوەندییەكی جوان لەنێوانیاندا هەیە. دەشڵێت "هاوسەرەكەم هەمیشە هاوكارێكی باش بوە لەم غەریبییە، شوێنی هەموو كەسی بۆ گرتومەتەوە، پاڵنەر و یارمەتیدەرێكی زۆر بەهێزە لە كارەكانم بە هێز و بازووی ئەو سەركەوتنەكانم دەنوسمەوە، منیش سەركەوتنەكانم دەهۆنمەوە و دەیكەمە ملوانكەیەكی رێز و خۆشەویستی و وەفا لە ملی هاوسەرەكەمی دەكەم، چونكە زیاتر لە هاوسەرێكە بۆ من".

جێی ئاماژەیە، كاروان حەمید حەللاق موزیكژەن و هونەرمەند لە كاتژمێر 8ی شەوی 27-12-2018 بە بۆمب هێرشكرایەسەر ماڵەكەی لە شاری ئەلكماری هۆڵەندا، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە و تائێستاش هۆكاری ئەو هێرشە ئاشكرا نەكراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group