قاپێكی گڵینی دەرمان لە حەڕان دۆزرایەوە

16/02/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
قاپێكی گڵینی دەرمان كە مێژووەكەی بۆ نۆ سەدە لەمەوبەر و چاخی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە و وێنەی ئەو دوومارە تێكئاڵاوەی لەسەرە كە لەم سەردەمەدا‌ وەك هێمای پزیشكی بەكار دەهێندرێ، لە گۆڕەپانی هەڵكۆڵینی حەڕانی پارێزگای ئورفا دۆزرایەوە كە ئەو ناوچەیە خراوەتە لیستی میراتی كاتی جیهانی یونسكۆ.
پڕۆفیسۆر دكتۆر محەمەد ئۆناڵ سەرۆكی بەشی شوێنەوارناسی زانكۆی حەڕان و سەرۆكی ناوچەی هەڵكەندنی حەڕان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە، حەڕان بە درێژایی مێژوو وەك مەڵبەندێكی گرنگی پزیشكی باس كراوە. دەشڵێت "ئەو ناوچەیەی ساڵی رابردوو دوكانێكی میسكفرۆشی لێ دۆزرایەوە كە مێژووەكەی بۆ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕایەوە. ئەمساڵ قاپێكی گڵینی دەرمانی لێ دۆزراوەتەوە كە مێژووەكەی بۆ نۆ سەدە لەمەوبەر و چاخی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە كە هاوكاتە لەگەڵ سەردەمی زەنگییەكان و وێنەی ئەو دوومارە تێكئاڵاوەی لەسەرە كە لەم سەردەمەدا‌ وەك هێمای پزیشكی بەكار دەهێندرێت. ئەمە زۆر گرنگە لە بارەی بەرهەم هێنانی دەرمان لێرە و فرۆشتنی لە ناو ئەو جۆرە قاپە و هەمیش لە رووی كارگە و شوێنی فرۆشتنی دەرمان".
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا كە مارەكان لە رووی شوێنەوارناسییەوە گوزارشت لە نەمریی دەكەن و وتویەتی: "ئەم هێمایە لە سەردەمی سەلجوقییەكان بە واتای نەخۆشخانە و لە هونەری میسری و یۆنانیشدا وەك هێمای چاكبوونەوە و پزیشكی بەكارهاتووە. قاپەكە لە گڵی سووركراوە دروست كراوە".
پڕۆفیسۆر دكتۆر محەمەد ئۆناڵ سەرۆكی بەشی شوێنەوارناسی زانكۆ حەڕان و سەرۆكی ناوچەی هەڵكەندنی حەڕان ئاماژەی بەوە دا ئەو قاپە لە كۆمەڵگای مۆزەخانەكانی ئورفا كە بە "گەورەترین مۆزەخانەی توركیا" ناسراوە دەخەنە روو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group