سلێمانی.. پیاوێك بە تۆمەتی كوشتنی هاوسەرەكەی دەستگیركرا

20/02/2019

 

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، هێزەكانی پۆلیسی بەختیاری كەسێكیان دەستگیركردووە، كە تۆمەتبارە بە كوشتنی خێزانەكەی لە ساڵی ڕابردوودا.
بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو كەسەی دەستگیركراوە تەمەنی 51 ساڵە و، دوای گەڕان و چاودێریكردنی چەند ناوچەیەك كە گومان كراوە تۆمەتبارەكە خۆی تێدا حەشاردابێت، رۆژی چوارشەممە 20ی شوباتی 2019 لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی بەختیارییەوە دەستگیركراوە.
لە بەشێكی تری ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، ڕۆژی 17ی مانگی نیسانی ساڵی 2018 هاوڵاتییەك لە ڕەگەزی مێ، تەمەن 45 ساڵ، لە گەڕەكی زەرگەتەی شاری سلێمانی بە فیشەك كوژراوە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان و ئەنجامدانی كەشف و هێڵكاریی شوێنی ڕووداوەكە، بەپێی زانیارییەكان دەركەوت تاوانەكە لەلایەن هاوسەرەكەیەوە ئەنجامدراوە.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە ئێستادا ئەو تۆمەتبارە بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی و بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە و لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا دانیناوە بە تاوانی كوشتنی هاوسەرەكەیدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group