مەسرور بارزانی داوای گەرنتی مافی كوردانی رۆژئاوا لە هاوپەیمان دەكات

20/02/2019

 

مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە دیدارێكدا لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا داوادەكات لە گفتوگۆكانی پەیوەست بە چارەسەری پرسی سوریا گەرنتی ماف و ئاسایشی كوردانی رۆژئاوای كوردستان بكرێت.
بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، رۆژی چوارشەممە مەسرور بارزانی لەگەڵ ژەنەڕاڵ پۆل لیكامێرۆ فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا كۆبوەتەوە و لەبارەی دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەوە گفتوگۆیان كردووە.
هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەكە:  مەسرور بارزانی، وێڕای جەختكردنەوە لە بایەخ و گرنگیی هاوكاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ بەگژداچوونەوەی‌ هەڕەشەكانی تیرۆر، ئاماژەی بە پەرەسەندنی جموجۆڵ و كردەوە تیرۆریستییەكان لە چەند پارێزگایەكی عێراق كردوە و رایگەیاندووە، "ئەگەر لە بنەڕەتەوە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەكە چارەسەر نەكرێن، زەمینەی سەرهەلدانەوەی توندوتیژی لەژێر ناو و شێوازی جیادا بەردەوام دەبێت".
لە سەر دۆخی سوریا و ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، "پێویستە لە گفتوگۆكاندا گەرەنتی ماف و ئاسایشی گەلی كورد لەو وڵاتەدا لەبەرچاو بگیردرێت".
هاوكات فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا رایگەیاند، هاوپەیمانان لە هاوكاری و مەشق و پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و عێراق بەردەوام دەبن، بۆ پاراستنی ناوچەكانیش، هاوبەشی و هەماهەنگیی نێوان ئەم هێزانەی بە پێویست زانی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group