ئەمریكا پلانی وایە درێژە بە پشتیوانییكردنی شەڕڤانانی یەپەگە بدات

20/02/2019

 

دوای رزگاركردنی تەواوی ناوچەكانی ژێردەستی رێكخراوی داعش لە سوریا، ئەمریكا دەیەوێت بۆ دووبارە سەرهەڵنەدانەوەی رێكخراوەكە، درێژەبدات بە پشتیوانیەكانی بۆ شەڕڤانانی یەپەگە.
ئەو پشتیوانییەی ئەمریكا لە شەڕڤانانی یەپەگەی دەكرد و لەچوارچێوەی هەسەدەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی داعش لە سوریادا پێشكەشی كرد، سەرەڕای تەواو كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی ژێردەستی داعش، بەڵام هێشتا هەر پێدەدرێت.
سەرەڕای دەستپێكردنی قۆناغی كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە سوریا، حكوومەتی واشنتۆن هیشتا ستراتیژییەتی سووریا دوای تیرۆریستانی داعش روونەكردووەتەوە.
لە كاتێكدا سەربازانی ئەمریكا دەكشێنەوە، چاوەڕوانی وەڵامی پرسیاری پەیوەندی ئەمریكا لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە و هەسەدە دەكرێت، لەگەڵ چارەنووسی ئەو چەكانەی دراوە بە شەڕڤانان، سەرەڕای دەستەبەركردنی سەقامگیری لەو ناوچانەی لە داعش رزگاركراون و چارەنووسی ئەو داعشانەی بە زیندوویی دەستبەسەركراون.

لەو چوارچێوەیەدا، لەوەڵامی پرسیارێك سەبارەت بەوەی لەگەڵ دەرهێنانی دوا شوێن لە دەست داعش و دەستكردن بە كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا، ئایا ئەو چەكانە وەردەگرنەوە كە داویانن بە هەسەدە؟" شون رۆبەرستۆن وەزیری بەرگریی ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا، كە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریكردنی یەپەگە و وتی: "هەسەدە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا هاوبەشێكی كاریگەر و متمانەپێكراو بوو. ئاماژەمان بەوە داوە ئەو چەكانەی دراون بە هەسەدە سنووردارن و تایبەتن بە ئەرك بەڕادەیەكی دیاریكراو بە ئامانجی شكستهێنان بە داعش. باكووری خۆرهەڵاتی سووریاش لە لێواری ئازادبوونی تەواوەتیدایە، بەڵام هێشتا شتگەلێك ماوە. لەكاتێكدا ناوچەكان لە داعش پاك دەكەینەوە و رێگری لەوە دەكەین جارێكی دیكە داعش سەرهەڵبداتەوە،‌ بەردەوام دەبین لە پشتگیریكردنی هەسەدەی هاوبەشمان".

ئەمریكا بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش و لەناوبردنیان، پشتگیری یەپەگەی كرد، دوای شكستهێنان بە تیرۆریستانی داعش ئەو پشتگریەی ئەمریكا بۆ ئەو رێكخراوە بەرەو رێبازی نوێ ئاراستە دەكرێت و ئەمریكا لە پشتگیری لەو رێكخراوە بەردەوام دەبێت بۆئەوەی رێگری بكەن لە دیسانەوە سەرهەڵدانەوەی چەكدارانی داعش لەو ناوچانەی لێی راماڵدراون.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی دا لە سووریا لەژێر گوشاری كۆنگرێس و پێنتاگۆن بانگەشەی ئەوەی كرد یەكێك لە مەرجەكانی كشانەوەی هێزەكانیان، پاراستنی شەڕڤانانی هەسەدەیە، بە سەركردایەتی یەپەگە.

ئەگەرچی ترامپ سەبارەت بە پاراستنی شەڕڤانان و كورد بیرۆكەی ناوچەی ئارام لە سووریا دەخاتە نێو ناوانەوە، بەلام ئیدارەكەی هێشتا لەوبارەیەوە پلانێكی بەرجەستەی ئاشكرانەكردووە. هەربۆیە ئیدارەی واشنتۆن دەیەوێت پارێزگارییكردن لە شەڕڤانان رادەستی وڵاتانی ئەورووپا بكات.
ترامپ لەبەرامبەر رەتكردنەوەی ئەو هەنگاوە لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە، هەڕەشەی ئەوەی لێكردوون كە چەكدارانی داعش ئازاد دەكات.
لەوبارەیەشەوە رائید رۆبەرتسن وتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەكرد وڵاتەكەی بەدوای جێگرەوەی دۆخی دەستبەسەریی داعشە دەستگیركراوەكاندا، دەگەڕێت.

رۆبەرتسن وەڵامێكی روونی پرسیاری ئەوەی ئایا ئازادكردنی تیرۆریستە دەستگیركراوەكانی داعش بژاردەیە یان نا، نەداوەتەوە و تەنها وتویەتی "باشترین بژاردە بریتییە لەوەی ئەو چەكدارانە لەلایەن وڵاتەكانیانەوە وەربگیرێنەوە و دادگایی بكرێن".

لە وەلامی ئەوەش كە "وڵاتانی ئەورووپا نایانەوێت ئەو چەكدارانە وەرگرنەوە. باشترین دووەم بژاردە چییە؟" رۆبەرستن جەختی لەوەكردەوە، بەدوای جێگرەوەكاندا دەگەڕێن.

هەروەها لە وەڵامی پرسیاری "ئایا دەتوانن بڵێن كە ئازادكردنی ئەو چەكدارانە بژاردە نییە؟" وتی: "بەدوای بژاردەی جێگرەوە سەبارەت بە دۆخی دەستبەسەریی ئەوانەدا دەگەڕێین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group