سلێمانی.. كاریگەری ھەڵگرتنی بڕیاری پاشەكەوتی مووچە لەسەر بازاڕ

10/03/2019

بڕیارەكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ھەڵگرتنی بڕیاری پاشەكەوتی سەر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان، كاردانەوەی زۆری لەسەر بازاڕ دروستكردووە و بەرزبوونەوە و گەرموگوڕی لە بازاڕەكانی ھەرێم دروستكردووە.
رۆژی ھەینی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان كرد و لە ئەنجامدا بڕیاری ھەڵگرتنی بڕیاری پاشەكەوتی مووچەی دا كە ساڵی 2016 و بە ھۆی قەیرانی داراییەوە حكوومەت لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم سەپاندی و بەڕێژەی 40 تا 70 لەسەدی كۆی مووچە بەناوی پاشەكەوتەوە لە مووچەكانیان بڕدرا.
هەواڵی بڕیارەكەی حكوومەت راستەوخۆ كاردانەوە و كاریگەری لەسەر بازاڕ لە ھەرێمی كوردستان ھەبوو، بەجۆرێك نرخ بەرزبوونەوەی زیاتری بەخۆوە بینی و جموجوڵ كەوتەوە بازاڕەوە.
ھەردی ئیبراھیم خاوەن نووسینگەیەكی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرەیە لە شاری سلێمانی، ئەو لە بارەی كاریگەری بڕیارەكە لەسەر بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە بە ئاژانسی ئانادۆڵی وتووە: "بڕیارەكە لە شاری سلێمانی بە شێوەیەكی بەرچاو كاریگەری ھەبووە و جموجوڵی گەورەی خستووەتە بازاڕەوە، بەجۆرێك نرخی پارچەیەك زەوی لە دەرەوەی شاری سلێمانی ٢٠ لەسەد زیادی كردووە، لەناو شاریش بەڕێژەی ٥ تا ١٠ لەسەد زیاتر بووە بە ھۆی ئەوەی ناو شار زیاتر پڕ بووەتەوە و ھاووڵاتییان روو لە دەرەوەی شار دەكەن".
ئەو وتی: "دوای ئەو بڕیارە ئەو كەسانەی پارەیان ھەیە و تا ئێستا ھەڵیان گرتووە پارەكانیان دەخەنەوە بازاڕەوە، ئەوەش وا دەكات نرخەكان گرانتر بێت".
خاوەنی ئەو نووسینگەیە باسی لەوەش كرد كە لە دوای سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی لە ساڵی 2014دا و تا سەرەتای ئەمساڵ بازاڕ داتەپینی گەورەی بەخۆوە بینی، بەڵام بەو بڕیارەی حكوومەت گەشبوونەوەی لە بازاڕدا دروستكردووە.
ھەردی ئیبراھیم وتی: "بازاڕی ئێمە بەراورد بە رابردوو زۆر زۆر جیاوازی كردووە و ژمارەیەكی زۆر كڕیار سەردانی نووسینگەكان دەكەن و داوای كڕینی زەوی و خانووبەرە دەكەن".
لە لایەكی ترەوە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمۆبێل-یش جموجوڵی زیاتری بەخۆوە بینیوە، وەك ئەو كەسانەی كاری كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمۆبێل دەكەن دەڵێن، بە ھۆی ئەو بڕیارەوە جموجوڵی گەورە لە پێشانگاكانی ئۆتۆمۆبێل دروست بووە.
كاوە مەحمود كە لە یەكێك لە لە پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمۆبێل لە سلێمانی كار دەكات لەو بارەیەوە وتی: "دوای بڕیارەكەی رۆژی ھەینی رابردووی حكوومەت و لە میانی ئەم سێ رۆژەدا، جموجوڵێی زۆر رووی لە بازاڕەكە كردووە و بەراورد بە رابردوو كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمۆبێل زۆر زیادی كردووە كە جێگای سەرسوڕمانە، ھەروەھا نرخی ئۆتۆمۆبێلیش تا رادەیەك زیاتر بووە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group