بەناوبانگترین 100 وەرزشەوانی جیهان دیاریكران

17/03/2019 وەرزش

نەوا
تۆڕی ESPN لیستی بەناوبانگترین 100 وەرزشەوانی جیهانی دیاری كردو كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و یاریزانی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی سەرەوەی لیستەكەی گرتوە، لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی لە دوای لیبرۆن جەیمس یاریزانی تۆپی باسكەی ئەمریكی لە پلەی سێیەم دەبینرێت.
بەپێی ئەو لیستەی تۆڕەكە بڵاویكردوەتەوە، سەبارەت بە یاریزانانی تۆپی پێ‌، كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پلەی یەكەم و لیۆنێل مێسی لە پلەی سێیەم و نەیمار داسیلڤای بەڕازیلی لە پلەی چوارمدان، هەروەها پۆڵ پۆگبای فەرەنسی لەپلەی 12یەمدا دەبینرێت و كیلیان مباپێی هەمان وڵات لە پلەی 14یەمدایە، بەدوای ئەوانیشدا ئەنتوان گریزمانی هەمان وڵات لە پلەی 16 و مەسعود ئۆزێلی ئەڵمانی لە پلەی 19 و تۆماس مۆلەری ئەڵمانی لە پلەی 23دان، ئەندرێس ئینێستای ئیسپانی لەپلەی 27دا دەبینرێت و خامیس رۆدریگێزی كۆڵۆمبیش لەپلەی 29دایە.
بەپێی هەمان لیست، محەمەد سەڵاح ئەستێرەی تۆپی پێی میسر و یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی  لەپلەی 30یەمدایەو زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ ئەستێرەی تۆپی پێی سویدی لەپلەی 32دایە، دواتر گاریس بەیڵی وێڵزی و ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لەپلەی 33 دێت و دوای ئەویش لویز سوارێزی هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانییە لە پلەی 36دا و بەدوای ئەویشدا سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكاری یانەی ریاڵ مەدریدە، كە لەپلەی 38دایە.
سەبارەت بەئەستێرەكانی دیكەی تۆپی پێ، واین رۆنی ئینگلیزی و ئەستێرەی پێشووی یانە مانچستەر یونایتد لەپلەی 40دایە، هەروەها مارسیلۆی بەڕازیلی و ئەستێرەی هێڵی بەرگریی یانەی ریاڵا لەپلەی 44دا دەبینرێت.
دامەزراوەی ESPN بڵاویشیكردوەتەوە، لیستەكە لەسەر سێ‌ بنچینە دیاریكراوە، ئەوانیش ژمارەی گەڕانەكان لە  google و هاندەران لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و نرخی بازاڕی یاریزانەكەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group