سەرۆك وەزیرانی نیوزیلاند: "هەرگیز ناوی تیرۆریستەكە ناهێنم"

19/03/2019 جیهان

جاسیندا ئاردێرن سەرۆكوەزیرانی نیوزیلاند، ئاماژەی بەوە كرد كە هەرگیز ناوی ئەو كەسە ناهێنێت كە پەلامارە تیرۆریستییەكەی سەر دوو مزگەوتی شاری كریستچێرچی ئەنجامدا، كە گیانلەدەستدانی 50 كەسی لێكەوتەوە.
بەپێی هەواڵێكی بی بی سی، ئاردێرن لە میانی وتارێكیدا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاندووە "لە رێگەی ئەو كردە تیرۆریستییەوە بەشوێن زۆر شتەوەبوو، یەكێكیان ناوبانگی خراپ. لەبەرئەوە هەرگیز نایبیستن كە ناوی بهێنم".
جاسیندا ئاردێرن داوای لە پەرلەمانتاران كرد زیاد لەوەی ناوی تیرۆریستەكە بهێنن ناوی ئەو كەسانە بهێنن كە لە پەلامارە تیرۆریستییەكەدا گیانیان لەدەستداوە و وتی: "ئەو تیرۆریستێكە. تاوانبارێكە. توندڕەوە. كاتێك لەبارەیەوە قسە دەكەم بێ ناو دەبێت".
سەرۆكوەزیرانی نیوزیلاند، ئاشكرایكرد لە میانی 10 رۆژدا ریفۆرمەكانی یاسای چەك لە نیوزیلاند رادەگەیەنن و جەختی لەوەشكردەوە كە لێكۆڵینەوەی پەیوەست بە شكستخواردوویی دامەزراوە هەواڵگریی ئەمنییەكانیان لە دەستنیشانكردنی مەترسی هێرشی تیرۆریستیی، درێژەی هەیە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group