عەلی حەمە ساڵح: پێویستە حكومەتی هەرێم دوو پاشەكەوتی دیكە خەرج بكات

19/03/2019

نەوا-كاروان مەحمود

عەلی حەمە ساڵح لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عیراقەوە رونكردنەوە دەدات و راشیدەگەیەنێت، "یەكێك لە كارەكانمان لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە ساڵانە پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان هەبێت". 
عەلی حمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا رایگەند، ئێمە لە ئێستادا هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ حكومەت و وەزارەتی دارایی نییەو ئەم خولەی پەرلەمان دەنگی بەم حكومەتەی ئێستا نەداوە تاوەكو بەداواداچوون بكەین لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و رونكردنەوەی پێویستمان بەردەست بكەوێت، بەڵام ئەوە بڕە پارەی لە رۆژانی پێشوو لەلایەن حكومەتی عیراقەوە رەوانەی هەرێمی كوردستانكرا، كە بڕەكەی زیاتر لە 724 ملیار دیناربوو، جگە لە مووچەی مانگێكی فەرمانبەران پارەی زیادەی دوو پاشەكەوتی لەگەڵدایە كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەشی بكات بەسەر مووچەخۆران.
سەبارەت بە ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی هەرێمی كوردستان، عەلی حمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە نەوای راگەیاند، یەكێك لە كارە لە پێشینەكانمان لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان پێویستە ساڵانە پرۆژە یاسای بودجەمان هەبێت، بەڵام لەئێستادا چاوەڕوانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، هەركات حكومەتی نوێ دەست بەكاربوو پێویستە پرۆژە یاسای بودجەی 2019ی هەرێمی كوردستان ئامادەبكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group