رۆژنامەیەكی ئەمریكی: عیراق خزمەتێكی گەورە پێشكەش بە ئێران و ئەسەد دەكات

20/03/2019 جیهان

نەوا

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە، بڕیاری عیراق بەكردنەوەی دەروازەی سنوری لەگەڵ سوریا خزمەتێكی گەورەیە بە ئێران و میلیشیاكانی و رژێمی بەشار ئەسەد، هەروەك شكستی ئەمریكاش لە كۆنترۆڵكردنی ئێران پیشان دەدات.
رۆژنامەكە لەراپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، كە كردنەوەی سنورەكانی عیراق و سوریا شكستێكی گەورەیە بۆ هەوڵەكانی ئەمریكا لەكاتێكدا دەیەوێت ئێران گەمارۆ بدات و لەڕێگەی سزا ئابورییەكانەوە لە جیهانی داببڕێت.
هەروەها رونیكردوەتەوە، كە كردنەوەی سنوری عیراق و سوریا خزمەتێكی گەورە بە ئێران و میلیشاكانی و رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا دەگەیەنێت، چونكە ئێران دەتوانێت لەو رێگەیەوە پێداویستیەكانی بنێرێتە سوریا.
بەگوێرەی رۆژنامەكە، پێشتریش ئەمریكا دژی ئەو پلانەی ئێران وەستاوەتەوە، كە دەیویست رێڕەوێكی زەمینی بەناو عیراقدا بۆ سوریا بكاتەوە، چونكە تاران دەتوانێت لەو رێگەیەوە زیاتر چنگی لەو دەوڵەتانە گیربكات.
پێشتر عوسمان غانمی سەرۆك ئەركانی سوپای عیراق لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا سوری و ئێرانیەكەی ئاشكرایكرد، لە چەند رۆژی داهاتودا خاڵە سنورییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەكەنەوە، كە بەهۆی شەڕی دژی داعشەوە داخرابون.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group