گۆڕان لە بارەی سەرۆكایەتی لیژنەكان وەڵامی كۆمەڵ دەداتەوە

20/03/2019

 

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، رێككەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ پارتی بۆ دابەشكردنی سەرۆكی لیژنەكان، دەشڵێت: كۆمەڵ خۆی رێككەوتنەكەی واژۆكردووەو لە بەرامبەر وەرگرتنی دوو لیژنەی دیكە، دەستبەرداری سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان بوو.
سۆران عومەر، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ رایگەیاندووە، "بڕیاربوو ئێمە سەرۆكی لیژنەی سامانەسروشتییەكان وەربگرین، بەڵام گۆڕان و پارتی پشتیوانیان لەیەكتر كردو سەرۆكی لیژنەكەیان لێسەندین و نەیانهێشت بۆ ئێمە بێت".
لەوەڵامدا، بەڵێن ئیسماعیل ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان، كە ئێستا سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكانە، رایگەیاندوە: لەسەرەتای كۆبوونەوەكانی تایبەت بەدابەشكردنی سەرۆكی لیژنەكان، وابڕیاربوو لیژنەی یاسایی بۆ پارتی، دارایی بۆ یەكێتی، ناوخۆو پێشمەرگەو ئەنجومەنی خۆجێییەكان بۆ گۆڕان و سامانە سروشتییەكانیش بۆ كۆمەڵ بێت.
وتیشی: "پارتی رازی نەبوو لیژنەی ناوخۆو پێشمەرگە بدات بەگۆڕان، ئێمەش سووربووین لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەو لیژنەیە بۆ ئێمە یەكلایی نەبێتەوە، دەنگ بەیەكلایی بوونەوەی لیژنەكانی یاسایی، دارایی و سامانە سروشتییەكان نادەین و واژۆ لەسەر ئەو رێككەوتنە ناكەین".
راشیگەیاند: لەبەشی دووەمی كۆبوونەوەكاندا، كە سۆران عومەر خۆی بەشداربووە، واژۆی لەسەر رێككەوتنەكە كردووەو دەستبەرداری سەرۆكایەتی لیژنەی سامانە سروشتییەكان بوو لەبەرامبەردا  سەرۆكایەتی دوو لیژنەی دیكەیان پێدراوە، كە ئەوانیش (ئەوقاوف و كشتوكاڵ)ن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group