هاوڵاتیان لە بەرزنەبوونەوەی نرخەكان دڵنیا دەكرێنەوە

پێش 4 هەفتە

 

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پێشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات لە بەرزكردنەوەی نرخ و دەشڵێ، هەر كەسێك دەستكاریی نرخ بكات، سزا دەدرێت.
نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پێشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە: "راستە دوای هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی سەر مووچە، ترسی ئەوە هەیە نرخ بەرز ببێتەوە، بەڵام ئێمە لیژنەكانی چاودێریی بازاڕمان راسپاردوون زیاتر چاودێری بخەنە سەر بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكان و رێگە نەدەن زیادبوونی مووچە و باشبوونی بژێویی هاووڵاتیان بە دەرفەت بزانرێت و نرخ بەرز بكرێتەوە".
لەبارەی چۆنیەتیی كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی وتی: "ئێمە لە هەموو پارێزگا و قەزاكان لیژنەی ئابووریمان بۆ دانانی نرخ هەیە، راستە بازاڕ ئازادە، بەڵام ئەو كەلوپەلانەی پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیانەوە، هەیە لەلایەن حكوومەتەوە نرخیان بۆ دیاری دەكرێت و هیچ شوێنێك بۆی نییە دەستكاریی نرخ بكات بەرەو بەرزكردنەوە".
نەوزاد ئەدھەم ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، لە هیچ شوێنێك نرخ بەرز نەبووەتەوە، لیژنەكانی بازرگانی بە وردی چاودێریی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی بازاڕ دەكەن، هەر كەسێكیش دەرفەت وەربگرێت لە باشبوونی رەوشی ئابووری، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە نرخ بەرز نابێتەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group