گەشتی ئاسمانیی هەولێر لەگەڵ ئامەد و عەنتاب دەستیپێكرد

21/03/2019

نەوا
لە یەكەم گەشتی ئاسمانییدا، كە لە فڕۆكەخانەی عەنتابەوە بەرەو هەولێر لەلایەن كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئەنادۆڵوجێتەوە ئەنجامدرا، تونجای یڵدرم سەرۆكی ژووری بازرگانی و ئەندامانی ژوورەكە روویان لە هەولێر كرد.
گەشتەكانی نێوان عەنتاب-هەولێر هەفتانە سێ رۆژ لەلایەن ئەنادۆڵوجێتەوە ئەنجامدەدرێن و رۆژانی شەممە، دووشەممە و چوارشەممە گەشتی ئاسمانی دەبێت.
چاوەڕواندەكرێت بەهۆی گەشتە ئاسمانییەكانەوە، ئاستی جموجوڵی بازرگانی و گەشتیاریی نێوان هەردوو شار و توركیا و هەرێمی كوردستان و عیراقیش بەرزبونەوە بەخۆیەوە ببینن.
هەروەها گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان ئامەد و هەولێر دەستیانپێكرد و بەو بۆنەیەشەوە كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئەنادۆڵوجێت لە فڕۆكەخانەی ئامەد رێوڕەسمێكی رێكخست.
لەوبارەیەوە سەعید شامیل سەرۆكی گەشتە ئاسمانییە ناوچەییەكانی هێڵی ئاسمانی تورك (ئەنادۆڵوجێت) رایگەیاند، لە رێگای كردنەوەی ئەو گەشتە ئاسمانیانەوە سود بە توركیا و هەرێمی كوردستان دەگەیەنن.
هەروەها عەزیز ئۆداباشی سەرۆكی دەستەی كارگێڕی فەرمانگەی پیشەسازیی ئامەد ئاماژەی بەوە دا، كە بەشێكی زۆری بەرهەم و كاڵاكان هەناردەی عیراق دەكرێن، بۆیە وەبەرهێنەرانی توركیا داواكاری ئەوەبوون ئەو گەشتە ئاسمانییانەی نێوان ئامەد و هەولێر دەستپێبكەن.
گەشتیارێكیش بەناوی نەجاتی گوڤەنچ ئاماژەی بەوە دا، بەرێگای وشكانی بە 10 كاتژمێر لە ئامەدەوە دەگەنە هەولێر، بەڵام بە فڕۆكە بە 30 خولەك دەگەنە هەولێر، وتیشی "كە هاتوچۆمان دەكرد زەحمەت بوو، بەڵام ئێستا ئاسان بووە، سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەین رۆڵیان هەبووە لە كردنەوەی ئەم گەشتە ئاسمانیانەدا".
گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەولێر و ئامەد لە رۆژانی سێشەممە، هەینی و یەكشەممەدا دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group