بەرگریی شارستانیی دهۆك هاووڵاتیان ئاگاداردەكاتەوە

21/03/2019

نەوا-كاروان مەحمود
وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆك رایدەگەیەنێت، تیمەكانیان لە سەرجەم ناوچەكاندا بڵاوەیانپێكراوە و رێنمایی هاووڵاتیانیش دەكات لەكاتی گەشت و سەیراندا خۆیان و منداڵەكانیان لە رووداوە مەترسیدارەكان بپارێزن.
رائید بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆك بەرادیۆ نەوای راگەیاند، سەرجەم ئامادەكارییەكانیان بۆ رۆژانی نەورۆز كردووە و تیمەكانی بەرگریی شارستانی 24 كاتژمێر لەكاركردندان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان. داواشیكرد، لە كاتی گەشتكردندا هاووڵاتیان چاودێری منداڵەكانیان بكەن تاوەكو لە رووداوی خنكاندن پارێزراو بن و هەروەها ئەو كەسانەی مەلە دەكەن، خۆیان لە شوێنە مەترسیدارەكان بپارێزن.
وتیشی "پێویستە لەنزیك ئۆتۆمبێل و غاز و ئەو شوێنانەی مەترسی ئاگرگرتنیان هەیە، ئاگر نەكرێتەوە و هاووڵاتیان خۆیان و ژینگە لە مەترسییەكان بپارێزن، بۆ ئەوەش لەكاتی هەر روداوێكی مەترسیداردا دەستبەجێ پەیوەندی بەتیمەكانی بەرگریی شارستانییەوە بكەن". 
باسی لەوەشكرد، تیمەكانی بەرگری شارستانی لەسەرجەم شوێنە جیاجیاكاندا بڵاوەیانپێكراوە و 24 كاتژمێر ئامادەن بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتیان و پێویستە لەكاتی هەر روداوێكدا راستەوخۆ پەیوەندی بەژمارە تەلەفۆنەكانی بەرگریی شارستانیی دهۆكەوە بكەن تاوەكو بەهانایانەوە بچن. 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group