سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا بەشداری نوێژی هەینی كرد

22/03/2019 جیهان

 

سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا بەشداری نوێژی هەینی كرد و لە تەلەڤیزیۆن و رادیۆی فەرمی وڵاتەكەشەوە راستەوخۆ بانگ درا.
رۆژی هەینی 22ی ئازاری 2019  جاسیندا ئاردێرن سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا لەگەڵ مسوڵمانانی وڵاتەكەیدا بەشداری لە نوێژی هەینیدا كرد و وەك پشتگیرییش لە مسوڵمانانی وڵاتەكە راستەوخۆ لە رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی فەرمی وڵاتەكەوە بانگدرا.
پێش دەستپێكردنی وتاری هەینی سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا وتی، " نیوزلەنداش لەگەڵ ئێوەدایە، ئێمە لە پرسەداین، ئێمە یەكێكین."
جەمال فودا ئیمامی مزگەوتی ئەلنور دوای بانگی هەینی سوپاسی سەرۆك وەزیران و خەڵكی نیوزلەندای كرد بۆ پشتگیریكردنیان.
لەسەرتاسەری وڵاتەكەشدا و لەسەر داوای سەرۆك وەزیران ژنان بە لەچكەوە بەشدارییان لە پرسەكاندا كرد.
یەكەم نوێژی هەینی دوای هێرشەكەی هەفتەی رابردووی سەر دوو مزگەوتەكەی نیوزلەندا لە پاركی هاگلی بەڕێوەچوو.
هەینی رابردوو لە هێرشێكدا، بۆ سەر دوو مزگەوت لە نیوزلەندا، 50 كەس ژیانیان لەدەستدا و دەیانی تریش برینداربوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group