لەبارەی گۆشتی سەر شەقامەكان هۆشداری دەدرێتە هاوڵاتیان

22/03/2019

 

سەرپەرشتیاری پزیشكی كوشتارگەی سلێمانی رایگەیاند، لە رۆژانی نەورۆزدا زیاتر لە 10 ھەزار سەر ئاژەڵ سەربڕدراون و بەشێكی زۆر لە گۆشتی خراپبووش لەناوبرداون، باس لەوەشدەكات ئەو گۆشتانەی بە هەرزانتر لە سەر شەقامەكان دەفرۆشرێن لە پشكنینەكان دەرنەچوون و ئەگەری هەیە هەڵگری كۆمەڵێك نەخۆشی بن.
شاڵاو عارف سەرپەرشتیاری پزیشكی كوشتارگەی سلێمانی رایگەیاندووە: لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە كوشتارگەی سلێمانی 8 هەزار و 993 سەر ئاژەڵی بچوك و 847 سەر ئاژەڵی گەورە سەربڕدراوە و پێنج  تۆن و 300 كیلۆ گۆشتی خراپبووش كە زیانی بۆ ھاووڵاتیان ھەبووە ڕەتكراونەتە  و سوتێندراون، 703 پارچەی ناولەشی ئاژەڵەكان كە زیانیان بۆ تەندروستی مرۆڤەكان ھەبووە لەناوبراون.
رونیشیكردەوە، ئەوان لە كوشتارگەكاندا دوو جۆر پشكنین بۆ ئاژەڵەكان دەكەن، پشكنینی پێش سەربڕین و پشكنینی دوای سەربڕین.
سەرپەرشتیاری پزیشكی كوشتارگەی سلێمانی باسی لەوەشكرد، دیاردەیەك لەسەر شەقامەكان بەدی دەكرێت و ئێستاش بەردەوامی هەیە، كە ئەویش فرۆشتنی گۆشتی سورە بە نرخێكی هەرزانتر بە هاوڵاتیان، ئەو جۆرە گۆشتە لە پشكنینی تەندروستی پێش سەربڕین دەرناچێت و ئەوان رەتی دەكەنەوە و دواتر خاوەنەكەی بە نرخێكی هەرزانتر لە شەقامەكان دەیفرۆشێت.
راشیگەیاند، ئەو جۆرە گۆشتانە ئەگەری ھەیە ھەڵگری كۆمەڵێك نەخۆشی بن كە زیانی زۆریان دەبێت بۆ تەندروستی مرۆڤ كە ئەمە ڕاستەوخۆ كاریگەریەكانی دەردەكەوێت.
سەرپەرشتیاری پزیشكی كوشتارگەی سلێمانی داواشی لە ھاووڵاتیان كرد، كە ئەو گۆشتە نەكڕن و بەكاری نەھێنن، چونكە مەترسی زۆری توشبونی بە چەندین نەخۆشی هەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group