وەزیرێكی پێشوو لە بارەی دیجلەوە هۆشداری دەدات

22/03/2019 عێراق

 

وەزیری پێشووی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، زیادەڕەویكردنی هەڕەمەكی لەسەر كەناری ڕووبارەكان هەیە بەناوی وەبەرهێنان و پێویستە رووداوەكەی موسڵ ببێتە هۆی بەخۆداچوونەوە.
حەسەن جەنابی وەزیری پێشوی سەرچاوە ئاوییەكان لە كابینەی حەیدەر عەبادی  رایگەیاند، تەنها پرسەنامە بۆ ڕووداوەكەی موسڵ بەس نییە و دەبێت ببێتە هۆی بەخۆداچوونەوە، چونكە زیادەڕەوی لەسەر كەناری ڕووبارەكان هەیە بەناوی وەبەرهێنان و بەكرێدانی كاتیی، بەبێ بوونی مەرجی سەلامەتی، لەگەڵ هەبوونی دیاردەی مۆڵەتی گوماناوی بۆ بەكارهێنانی كەناراوی سەرجەم ڕووبارەكانی عێراق.
حەسەن جەنابی باسی لەوەش كردووە، چەندین جار هوشیاری داوە لەبارەی زیادەڕۆیی سەر ڕوبارەكان لەژێر ناوی وەبەرهێناندا و ئەمەش دەستدرێژییە بۆسەر سەروەری وڵات و دەڵێت، " تەنانەت بەغداش لەژێر هەڕەشەی نوقمبوونە ئەگەر ڕوباری دیجلە لە چركەیەدا لە 2500 مەتری چوارگۆشە زیاتر ببێت و ئەوەش ئەگەری هەیە بەهۆی كەشی باراناوییەوە ئەمساڵ ڕووبدات."
جەنابی ئەوەشی وتوە، ڕوباری دیجلە پێویستی بەقوڵكردنی بەردەوام هەیە لەگەڵ لابردنی بەربەستەكانی ڕاڕەوەكەی، تا بتوانێت لافاو بەڕێبكات و ئەم ڕووداوەی موسڵیش دەرفەتە بۆ تیشك خستنە سەر ئەو لایەنانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group