پەرلەمانتارێكی عێراقی: سەربازگەی توركیا لە موسڵ تیرۆریستیە و پێویستە دابخرێت

25/03/2019 عێراق

 

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی نەسر، داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كرد، كە سەربازگەی بەعشیقە لە سنووری موسڵ دابخات، كە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بەڕێوە دەبرێت، وتیشی "سەربازگەكە تیرۆرستییە و بە نایاسایی دروستكراوە".
یوسف كیلابی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی نەسر، كە عەبادی سەرۆكایەتی دەكات، دەربارەی دەستێوەردانەكانی دەوڵەتی توركیا لە پارێزگای نەینەوا كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد.
یوسف كیلابی لە كۆنگرەكەدا ڕایگەیاند:"لە بەعشیقەی سەر بە پارێزگای نەینەوا سەربازگەیەك بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی ناوەند كراوەتەوە و تێیدا مەشق و ڕاهێنانی سەربازی دەكرێت، ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئایندەی ئاسایشی پارێزگاكە، هیچ مۆڵەتێكی وەرنەگرتووەو سەربازگەیەكی تیرۆرستییە".
كیلابی، وتی:"ئەو سەربازگەیە هەموو هاوكارییەكی ماددیی و سەربازیی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە وەردەگرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی نەسر، ئاماژەی بەوەشكرد، كە دەبێت سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاربدات هەرچی زووە ئەو سەربازگەیە دابخرێت، وتیشی: نابێت ئەو پارێزگایە لە ڕووی ئەمنیەوە پەراوێزبخرێت، چونكە  لەگەڵ بوونی بۆشایی ئەمنیی، ئەو هێزە ڕەنگە شوێنی هێزە ئەمنییەكان بگرنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group