ئوسترالیا داواكراوێكی هەڵاتوو بە بەلەم، دەستگیردەكات

30/03/2019 جیهان

نەوا


ماڵپەری هەواڵی سی ئێن ئێن بڵاویكردەوە لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشدا  هێزەكانی پاراستنی سنورەكانی ئوسترالیا كەسێكی هەڵاتویان لە نزیك دوورگەی (سایبای) لە بەلەمێكی بچوكدا دەستگیركردوە، كە هەوڵی داوە خۆی بگەیەنێتە دوورگەی پاپوانیوگینیا.
ماڵپەرەكە لە زاری وتەبێژی هێزەكانی پاراستنی سنورەكانی ئوسترالیاوە شوناسی كەسە هەڵاتوەكەی ئاشكراكردوە، كە بەڕەگەز بەریتانی بووە و بە تاوانەكانی پەیوەند بە مادەی هۆشبەرەوە داواكراو بووە لە ئوسترالیادا.
ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنی ئەو كەسە لەڕێگەی دواكەوتنیەوە بووە، كە بە هاوبەشی لە نێوان هێزەكانی پۆلیسی كوینزلاند و پۆلیسی فیدراڵی ئوسترالیا و هێزەكانی پاراستنی سنورەكانی وڵاتەكە ئەنجامدراوە. 
ئەو وتەبێژەی هێزەكانی پاراستنی سنورەكانی ئوسترالیا راشیگەیاند، دەستگیركردنی ئەو كەسە پەیامێكی بەهێزە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت هەڵبێن و هێزەكانی پاراستنی سنورەكانی ئوسترالیا دەگەن بە هەموو سنورەكانی ئەو وڵاتە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و بردنیان بۆ بەردەم دادگا.  
جێی ئاماژەیە كەسە هەڵاتوەكە نزیكەی 150 كیلۆمەتری بە بەلەمەكەی لە ئوسترالیاوە بڕیبو بۆ گەیشتن بە دوورگەی پاپوانیوگینیا، بەڵام دواجار لە پێش گەیشتنی بەو دوورگەیە دەستگیركراوە. 

 


سەرچاوە : ماڵپەری سی ئێن ئێن 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group