پۆلیسی سلێمانی داوایەك ئاراستەی هاووڵاتیان دەكات

31/03/2019

نەوا


بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاماری كارو چالاكییەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ فریاكەتن (104)ی بۆ مانگی 3 بڵاوكردەوەو بەپێی ئامارەكە 16 تۆمەتبار دەستگیركراون و دەستبەسەر ژمارەیەك كەلوپەلی قەدەغكراویشدا گیراوە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە لە ئامارێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، بەشی‌ پۆلیسی‌ فریاكەوتنی‌ سەربە بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە رۆژی 28-2-2019 تا 27-3-2019 چەندین چالاكی‌ جۆراوجۆری‌ ئەنجامداوەو 296 حاڵەتی‌ بەهاناوەچونیان هەبوە، كە 301 هاووڵاتیان بردۆتە بنكەكانی‌ پۆلیس.
هەروەها رونیشكراوەتەوە، هەشت تۆمەتباریان دەستگیركردوە، كە تەقەیان لە شوێنە جیاجیاكان كردوەو دراونەتە دادگا، شەش تۆمەتباری دیكەش دەستگیركراون و دراونەتە بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوان، سەرەڕای ئەوە 18 نەوجەوانیان بەهۆی‌ كێشەی‌ جۆراوجۆرەوە ناردۆتە بەشی‌ پۆلیسی‌ نەوجەوانان.
هەر لەدرێژەی كاروچالاكیەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن،21  ئۆتۆمبێل دەستی بەسەرداگیراوە، كە لەلایەن دادگاو بنكەكانی‌ پۆلیس ‌و پۆلیسی‌ هاتوچۆوە داواكراوبون، شەش دەمانچەو یەك كڵاشینكۆفیش دەستی بەسەرداگیراوەو خاوەنەكانیان دراونەتە بنكەكانی‌ پۆلیس بۆ ئەوەی‌ بدرێنە دادگا، سەرەڕای ئەوەش‌ دوو تۆمەتبار دەستگیركراون، كە فەرمانی‌ دەستگیركردنیان هەبوە، هەروەها چەندین چالاكی دیكە جۆربەجۆر ئەنجامدراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group