9ى نیسان .. كۆتایى دیكتاتۆرێك

09/04/2019

نه‌وا
9ى نیسانى ساڵى 2003 ئه‌و رۆژه‌یه‌، كه‌ تێیدا سه‌دام حسێن دیكتاتۆر و خوێنڕێژى عیراق پاش ئه‌وه‌ی 24 ساڵ به‌ده‌ستێكى پۆڵایین حكومى عیراقى كرد، له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌ رووخێنراو ئه‌و رۆژه‌ش له‌لایه‌ن زۆرێك له‌عیراقیه‌كانه‌وه‌ رۆژێكى پرشنگداره‌ و له‌لایه‌ن به‌شێكیشه‌وه‌ به‌رۆژێكى ره‌ش ناوده‌برێت.


سه‌ره‌تاى رووداوه‌كان
دواى ئه‌وه‌ى گه‌وره‌ پشكنه‌رانى چه‌كى قه‌ده‌غه‌كراوى كیمیایی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چه‌ند جارێكى بۆ پشكنین سه‌ردانى عیراقیان كرد و هانز بلیكس گه‌وره‌ راوێژكار له‌مانگى 3ى ساڵى 2003دا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ عیراق هاریكارییه‌كانی زیاتر بووه‌ و پێویستیان به‌كاتى زیاتره‌، به‌ڵام هه‌ر له‌و مانگه‌دا باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م رێگه‌ دیپلۆماسیه‌كان له‌ عیراقدا كۆتاییان هاتووه‌و هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌رى، هه‌ربۆیه‌ سه‌رجه‌م پشكنه‌ره‌كان له‌ عیراق كشێنرانه‌وه‌ و جۆرج ده‌بلیو بوش سه‌رۆكى ئه‌وكاته‌ى ئه‌مریكا 48 كاتژمێرى دا به‌ سه‌دام حسێن و كوڕه‌كانی و داروده‌سته‌كه‌ی بۆئه‌وه‌ى عیراق جێبهێڵن یان هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ریان.
هه‌ر له‌مانگى 3ى ساڵى 2003دا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى ده‌ستیانكرد به‌ بۆردومانكردنى چه‌ند ئامانجێك له‌ عیراقدا و ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى شه‌ڕى رووخانى رژێمى دیكتاتۆرى بوو، كه‌ دواى چه‌ند رۆژێك له‌ده‌ستپێكردنى بۆردومانه‌كان سه‌ربازانى ئه‌مریكا و به‌ریتانیا له‌ باشوره‌وه‌ و له‌ كوێته‌وه‌ هاتنه‌ ناو عیراقه‌وه‌، شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سوپاى عیراقدا ده‌ستیپێكرد و له‌ 9ى نیسانى 2003دا، 4 هه‌زار سه‌ربازى سوپاى ئه‌مریكا گه‌یشتنه‌ به‌غدا و په‌یكه‌ری سه‌دام حسێن-یان روخاند.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى شه‌ڕ له‌باشوره‌وه‌، بۆردومانه‌كان له‌شاره‌كانى باكوریش به‌رده‌وام بوون و چه‌ندین ئامانج له‌ موسڵ و كه‌ركوك له‌ناوبران، دواتر هێزه‌ كوردیه‌كان شانبه‌شانى هێزه‌كانى ئه‌مریكا هه‌ردوو شاره‌كه‌یان كۆنترۆڵ كرد، له‌هه‌مان كاتدا شه‌ڕ له‌ چوارده‌ورى شارى به‌غدا گه‌رم بوو، سه‌رجه‌م پێگه‌كانى سوپا و كۆشكى كۆمارى و چه‌ندین ئامانجى تر بۆردومانكران.

سه‌ره‌تاى كۆتایى دیكتاتۆر
دواى چه‌ندین شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان سوپاى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ سوپاى عیراق و فیداییه‌كانى سه‌دام و چه‌ندین هێزى دیكه‌ی سه‌ربه‌ رژێمى ئه‌وكاته‌، تانكه‌كانى ئه‌مریكا رۆژى 9-4-2003 گه‌یشتنه‌ ناو "شارى سه‌دام" له‌ به‌غدا و هێزه‌ عیراقیه‌كان كشانه‌وه‌ و سه‌رجه‌م شه‌قام و مه‌یدان و ناوچه‌كانى ناوه‌ڕاستى به‌غدا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ كۆنترۆڵكران و په‌یكه‌ره‌كانى سه‌دام له‌ناو به‌غدا شكێنران، ئه‌و رۆژه‌ش وه‌ك رۆژى رووخانى سه‌دام له‌مێژوودا ناسێنرا، دواتریش له‌رۆژى 14-4-2003 شارى تكریت كه‌ شوێنى له‌دایكبوونى سه‌دام بوو، كۆنترۆڵكرا.
له‌دواى كه‌وتنى به‌غدا، ئه‌مریكیه‌كان لیستێكیان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ناوى 55 داواكراوى رژێمى به‌عس بوون و ورده‌ ورده‌ زۆرینه‌یان ده‌ستگیركران و سه‌دام حسێنیش خۆى شارده‌وه‌ و هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ى له‌شارى موسلأ له‌خانوویه‌كدا گه‌مارۆدران و له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكادا كوژران، دواى گه‌ڕان و پشكنینێكى زۆر سه‌رئه‌نجام سه‌دام حسێن له‌رۆژى 6-12-2003 له‌لایه‌ن هێزێكى ئه‌مریكیه‌وه‌ له‌كێڵگه‌یه‌كى كشتوكاڵى له‌نزیك تكریت و له‌چاڵێكدا ده‌ستگیركراو به‌پێى زانیاریه‌كانیش كه‌سێكى نزیكى خۆى هه‌واڵى دابوو به‌ هێزه‌كانى ئه‌مریكا.

رۆژه‌كانى كۆتایى دیكتاتۆرێك
دواى ده‌ستگیركردنى سه‌دام حسێن، له‌زیندانێكدا به‌ندكرا، كه‌ 1.8 مه‌تر به‌ 2.4 مه‌تر بوو، سه‌دام حسێن به‌تۆمه‌تى كوشتنى به‌كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سایه‌تى سه‌ربه‌ داروده‌سته‌كه‌ى برایه‌ دادگا و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو كۆمه‌ڵكوژیه‌ى كردى هه‌ر له‌ ئه‌نفالى گه‌لى كورد و كیمیابارانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ و كۆمه‌ڵكوژى شیعه‌كان و چه‌ندین تاوانى دیكه‌، به‌ڵام له‌مانگى 11ى ساڵى 2006 له‌سه‌ر كه‌یسى دوجه‌یل سزاى له‌سێداره‌دانى به‌سه‌ردا سه‌پێنراو له‌رۆژى 30-12-2006 كه‌ یه‌كه‌م رۆژى جه‌ژنى قوربان بوو، له‌شارى به‌غدا سزاكه‌ى جێبه‌جێكرا و كۆتایى به‌دیكتاتۆرێكى خوێنڕێژ هێنرا، كه‌ دواتر له‌شوێنى له‌داكیبوونى له‌ تكریت نێژرا.




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group