بۆ یەكەمینجار یەكێتی نابینایان ماراسۆنێك سازدەكات

15/04/2019 وەرزش

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
رۆژی یەكشەممە یەكێتیی نابینایانی كوردستان بە هەماهەنگی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی، ماراسۆنێكیان بۆ ژمارەیەك نابینا لە شاری سلێمانی رێكخست و پەیامی ئاشتیان لە ساڵڕۆژی ئەنفالدا راگەیاند.
لەوبارەیەوە هاوبەش نوعمان سەرۆكی نابینایانی كوردستان بە رادیۆ نەوای وت "بەبۆنەی رۆژی ئەنفال نەمانویست وەك نابینایان لەم بۆنانە داببڕێین، بۆیە بڕیارماندا وەك یەكێتیی نابینایان ماراسۆنێك بۆ ژمارەیەك لە نابینا رێكبخەین".
وتیشی "ئەم ماراسۆنە بەهاوكاری و پشتیوانی یەكەی وەرزشی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی رێكخرا و ئەم كارانە گرنگییەكی تایبەتی خۆی هەیە و دەریدەخەین نابیناش دەتوانێت كاری ئەستەم بكات و بەسەر ئەو رێگریانەدا زاڵ ببێت، كە دێنەبەردەمی".
لای خۆیشیەوە دارا قادر سەرپەرشتیاری یەكەی وەرزشی لە پەروەردەی رۆژهەڵات بۆ رادیۆ نەوا وتی "ماراسۆنەكە بەدرێژایی یەك كیلۆمەتر لە پاركی هەواری شار رێكخرا، 20 نابینا بەشداربون تێیدا، كە یەكێكیان ئافرەت بوو، هەر نابینایەك مامۆستایەكی بۆ دانرا تا رێنوێنی بكات لە كاتی راكردنەكە و لە كۆتایی ماراسۆنەكەشدا خەڵات بەسەر بەشداربواندا دابەشكرا".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group