لەپەرلەمانی عێراقەوە لە بارەی ئەنفال 5 داواكاری ئاراستەی حكومەت دەكرێت

15/04/2019 عێراق

 

لە پەرلەمانی عێراق پێنج داواكاری ئاراستەی حكومەتی عێراق كران سەبارەت بە ئەنفال و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان.
داواكارییەكان پێكهاتوون لە: قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوان، دیاریكردنی 14ـی 4 وەكو رۆژی نیشتمانی بۆ یادكردنەوەی ئەنفال و كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە و بێسەروشوێنكردنی بارزانییەكان، تاوانەكانی رژێمی بەعس بەتایبەت ئەنفال بخرێنە نێو سیستەمی پەروەردە و لە قۆناغەكانی خوێندن بخوێندرێن، دامەزراندنی دەزگایەك بۆ دۆكیومێنتكردنی تاوانەكانی ئەنفال لەناوەوە و دەرەوەی عێراق، هەروەها دروستكردنی مۆنیومێنتی ئەنفال لە یەكێك لە گۆڕەپانە سەرەكییەكانی سەرجەم پارێزگەكانی عێراق.
عەبدولئیلاھـ نائیلی، سەرۆكی لیژنەی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "پرۆسەی ئەنفال لە لایەن مافیاكانی بەعسی فاشیست دژی خەڵكی مەدەنی لە ژن و منداڵ و گەنج و پیر ئەنجامدرا، تەنانەت دژی كشتوكاڵ و هەتاوەكو سروشتیش بێبەش نەبوو لە ستەمی بەعسی گۆڕ بەگۆر كە بە ناشیرینترین و دڕندەترین شێواز ماوەی 35 ساڵ حوكمیان كرد".
لە یاسای بودجەی 2019ـی عێراق زیاتر لە 100 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ ئەو كەسانەی لە سەردەمی حوكمی بەعسدا زەرەمەندبوون، لەنێوشیاندا كەسوكاری ئەنفالكراوان. حكومەتی عێراق چاوەڕێی پێكهێنانی لیژنەیەكی حوكمەتی ھەرێمی كوردستانە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە قەربووی مادیی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group