ئێزدییە رزگاربوەكان: ژنانی داعش زۆر لە پیاوەكانیان خراپتربون

16/04/2019

نەوا
ژمارەیەك ژنانی ئێزدی كە لەژێر دەستی رێكخراوی داعشدا بوون باسی نەهامەتیەكانی خۆیان دەكەن و دەڵێن، ژنانی داعش زۆر لەپیاوەكانیان خراپتربون و لە دەستدرێژی سێكسی و تاوان و كۆمەڵكوژیشدا بەشدارییان دەكرد.
رۆژنامەی "لیزیكۆ"ی بەلجیكی لەگەڵ ژمارەیەك لە ژنە رزگاربووە ئێزدیەكانی ژێردەستی رێكخراوی داعش گفتوگۆی كردووەو یەكێك لەوانە بەناوی ڤیان، كە تەمەنی 28 ساڵە وتویەتی "ژنانی رێكخراوی داعش زۆر خراپتربوون لەچەكدارە توندڕەوەكانی ئەو رێكخراوە".
هەروەها كچێكی دیكە بەناوی جەیلان تەمەن 24 ساڵا دەڵێت "یەكێك لەچەكدارەكانی داعش، كە دوو ژنی هەبوو، لە بازاڕی نەخاسە كڕیمی تا كاری ماڵ بكەم بەڵام هەر هەڵەیەكی بچوكم بكردایە ژنەكانی زۆر بە خراپی لێیان دەدام و یەكێك لەژنەكانی پێی دەوتم كافر، ماوەی ساڵێك لایان مامەوە تا ئەوكاتەی مێردەكەیان مرد و دواتر منیشیان فرۆشت".
رۆژنامەكە رونیشیكردوەتەوە، چەكدارانی داعش ژنانیان هەر وەكو سەوزەو میوە لە بازاڕدا دەكڕی، ڤیان دەگێڕێتەوە چەكدارەكان دەستدرێژی سێكسیان دەكردەسەر منداڵان، كە تەمەنیان لە 9 ساڵا تێنەدەپەڕی.
بەپێی وتەی ژنانی ئێزدی، ژنانی داعشیش بەشداردەبوون لە كۆمەڵكوژی و تاوانەكانی دژی مرۆڤایەتی و تەنانەت هاوكاری چەكدارەكانیان دەكرد لەكاتی دەستدرێژی سێكسیدا، باری ئیبراهیم كە ژنێكی ئێزدیە و لە هۆڵەندا نیشتەجێیە دەڵێت "ژنانی داعش هاوكاری چەكدارەكانیان دەكرد بەوەی كچەكانیان دەشۆرد و جلوبەرگیان لەبەردەكردن و جوانكارییان بۆ دەكردن، ئامادەیان دەكردن بۆ چەكدارەكان".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group