پۆلیسی سلێمانی: دەستبەسەر زیاتر لە 40 ماتۆڕسكیلدا گیراوە

16/04/2019

نەوا
هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، هەڵمەتی گەڕان و دانانی مەفرەزەكانی شەوانە بەردەوامە و دەستبەسەر زیاتر لە 40 ماتۆڕسكیل و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و چەك و كەلوپەلی دیكەدا گیراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، بەئامانجی روبەڕوكردنەوەی كەسانی سەرپێچیكار، دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیل، ئۆتۆمبێلی بێ‌ سەرەتا و چەكی بێ‌ مۆڵت و سەرپێچی یاسایی، دانانی مەفرەزەی شەوانە لەسەرجەم كوچەو كۆڵانەكاندا بەردەوام دەبێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، هێزەكانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق بە هاوكاری دەزگا ئەمنییەكان هەڵمەتێكیان دەستپێكردوە و توانراوە دەستبگیرێت بەسەر 35 ماتۆڕسكیلی بێ‌ سەرەتادا و چەند كەسێكیش روبەڕوی یاسا كراونەتەوە، كە سەرپێچی یاساییان ئەنجامدابوو، هەروەها هێزەكانی پۆلیسی پێنجوێن لە هەڵمەتە شەوانەكەیاندا توانیویانە دەستبگرن بەسەر 6 ماتۆڕسكیلی بێ‌ سەرەتا و ئۆتۆمبێلێكدا، كە هیچ سەرەتایەكی نەبوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group