ئێران یەكەم هەنگاوی بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای ئەمریكا هەڵگرت

16/04/2019 جیهان

 

لە كاردانەوەیەكدا بەرامبەر بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لە لایەن واشنتۆنەوە، پەرلەمانی ئێران خوێندنەوەی یەكەمی كرد بۆ پڕۆژەیاسای بەتیرۆرست ناساندنی فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای ئاسیا و باكوری ئەفریقا.
بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە كە رەشنوسەكەی لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە پاڵپشتی لێدەكرێت، فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای ئاسیا و باكوری ئەفریقا كە بە سێنتكۆم ناسراوە، دەخرێتە لیستی تیرۆرەوە.
پڕۆژەیاساكە لە 13 مادە پێكهاتووە و لە یەكێك لە مادەكانیدا هاتووە هەرجۆرە هاوكاریەكی سەربازی، هەواڵگری، دارایی، تەكنیكی، لۆجستی و خزمەتگوزاری لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا بە كردارێكی تیرۆرستی دادەنرێت.
وەك ئامادەكارانی پڕۆژەیاساكە باسیان لێكردووە، ئامانجیانە جگە لە بەرپەرچدانەوەی ئەمریكا، پێگەی سوپای پاسدارانیش وەك كۆڵەكەیەكی سیستەمی بەرگری ئێران بەهێز بكەن.
عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە بارەی پڕۆژەیاساكەوە رایگەیاندوە، هەفتەی داهاتوو وردەكاری پڕۆژەیاساكە لە دانیشتنی پەرلەماندا تاوتوێ دەكرێت و دەخرێتە دەنگدانی كۆتاییەوە.
جێی باسە هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری وڵاتەكەی بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران راگەیاند و بەرپرسانی تارانیش هەر زوو هەڕەشەی كاردانەوەی هاوشێوەیان كرد.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group