بڕیار وایە لیـژنەیەك لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە ڕەوشی كەركووك و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا بكات.
جوان یوونس ڕۆژبەیانی، پەرلەمانتاری پارتی و سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی ڕاگەیاندوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا لیژنەكەیان سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ لیژینە پەیوەندیدارەكان كۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی كاراكردنەوەی ماددەی 140 و ڕەوشی ئیداریی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیـدارەی هەرێم و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان و بە تایبەتیش دۆخی شاری كەركووك دەكەن.
وتیشی، بڕیارە لەگەڵ لیژنەی كاتیی ماددەی 140 كۆ ببنەوە، ئەو لیژنەیەی كە لە ساڵی 2011ـدا بە هۆی بارودۆخی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا كارەكانی وەستێـندراوە، بۆ ئەوەی كارای بكەنەوە، كە لەسەر ئەم پرسە و ڕەوشی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، گفتوگۆ و دانوستانی جیددی بۆ چارەكردنی رەوشی ئەو ناوچانە لەگەڵ بەغدا دەكەن.
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەشكردوە، بەغدا ئامادەیی نیشان داوە بۆ چارەكردن و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم.