بەهێزترین كەسەكانی جیهان لە توركیا هێزی بازوو نمایش دەكەن

20/04/2019 وەرزش

نەوا
پاڵەوانێتیی "خولی پاڵەوانەكانی MLO Strongman" كە تایبەتە بە بەهێزترین وەرزشەوانەكانی جیهان، لە شارۆچكەی ئاڵانیای سەربە ئەنتاڵیا دەستیپێكرد.
رۆژی یەكەمی ركابەرییەكانی پاڵەوانێتییەكە، كە بە میوانداریی شارەوانی ئاڵانیا و بە بەشداریی 12 وەرزشەوان بوو، لە كەنار دەریا بەڕێوەچو.
لە رووبەرێكی كراوە بەڕووی جەماوەردا، كێبڕكێی بەرزكردنەوەی پارچە مەڕمەڕی 100، 110، 120 و 130 كیلۆگرامی بەڕێوەچو. لەوچوارچێوەیەشدا دێنیس كۆڵروسی ئەڵمانی كە توانی سێ پارچە مەڕمەڕی یەكەم لە كاتێكی گونجاودا بەرزبكاتەوە و 12 خاڵ بەدەستبهێنێت، پلەی یەكەمی وەرگرت، دوای ئەویش بە 11 خاڵ تراڤیس ئۆرتمایەری ئەمریكی بووە دووەم و بە 10 خاڵیش ئەلێكس مونێنی هۆڵەندی پلەی سێیەمی مسۆگەركرد.


پاشان وەرزشەوانەكان ركابەرییان لەسەر هەڵگرتن و هێشتنەوەی فەردەیەكی 25 كیلۆگرامیی پرتەقاڵ كرد و لەو چوارچێوەیەشدا تراڤیس ئۆرتمایەری ئەمریكی كە توانی زۆرترین ماوە فەردەكە بە ئاسمانەوە رابگرێت و 23 خاڵی بەدەستهێنا، پلەی یەكەمی گرت و دێنیس كۆڵروس بە 21 خاڵ پلەی دووەم و ئەلێكس مونێن بە 20 خاڵ پلەی سێیەمی گرت.
پاڵەوانێتیی "خولی پاڵەوانەكانی MLO Strongman" هاوكات لە 13 وڵات بەڕێوەدەچێت و لەدوای تەواوبونی سەرجەم ركابەرییەكان و كۆكردنەوەی خاڵەكان، بەهێزترین كەسی جیهان هەڵدەبژێردرێت.
پاڵەوانێتییەكە سبەینێش لە ئاڵانیا بە ئەنجامدانی سێ ركابەریی درێژەی دەبێت و دوای ئەوەش كۆتایی دێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group