دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی رەتدەكرێتەوە

21/04/2019 عێراق

نەوا-كاروان مەحمود 


ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عیراق دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عیراق رەتدەكاتەوەو دەڵێت: "هەوڵێك هەیە بۆ رێكخستنەوەی هێزەكان".
هەرێم كەمال ئاغا پەرلەمانتاری یەكێتی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، نە پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا و نە پرسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی نەهاتووەتە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەوەی لەوبارەیەوە دەوترێت تەنها دەنگۆی راگەیاندنەكانە. باسی لەوەشكرد، هێزەكانی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری عیراقدان بەڵام تائێستا بەتەواوی نەخراونەتە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری و لە ئێستاشدا هەوڵەكان بۆ ئەوەن تاوەكو حەشدی شەعبی فەرمان لەوەزارەتی بەرگرییەوە وەربگرن و هاوشێوەی هێزەكانی دیكەی عیراق لە یەك شوێنەوە سەرپەرشتییان بكرێت.
هەرێمی كەمال ئاغا ئەوەشی راگەیاند، داواكاری زۆر لەسەر ئەوە هەیە حەشدی شەعبی بخرێتە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگرییەوەو ئەوەش خواستی شەقامە بەگشتی، چونكە لە بەغداش ناڕازی بوون هەیە لەبارەی زۆری هێز و كۆنترۆڵ نەكردنی دۆخەكە بەگشتی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group